پەنجەیەکی بڕدراو بۆ ماکرۆن دەنێردرێت

رووداو دیجیتاڵ 

نامەیەک کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا – ئیلیزێ تووشی شڵەژان دەکات. 
 
بەگوێرەی داواکاری گشتیی فەرەنسا، نووکە پەنجەیەکی دەستی مرۆڤ لە نێو زەرفێکی نامەدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا نێردراوە. 
 
داواکاری گشتیی فەرەنسا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە رووداوەکە.  
 
نامەکە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە لایەن کارمەندانی ئیلیزێ دۆزراوەتەوە و پۆلیس لێی ئاگادارکراوەتەوە. 
 
سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای فەرەنسی گوت، بڕوایان وایە نووکە پەنجەکە لە دەستی نێردەری نامەکە کرابێتەوە کە کەسێکی تووشبووی نەخۆشیی دەروونییە. میدیای فەرەنسی دەڵێت، کەسەکە دۆزراوەتەوە و چارەسەری پزیشکی پێدراوە. 
 
رۆژانە هەزار تاوەکو هەزار و 500 نامە و نامەی ئەلیکترۆنی بۆ ئیمانوێل ماکرۆن دەنێردرێن؛ هەموویان لە لایەن تیمێکی 70 کەسییەوە لە شوێنێکی دوور لە کۆشکی ئیلیزێ دەپشکنرێن پێش ئەوەی بگەیێنرێنە دەستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە. 
 
ماکرۆن بەوە ناسراوە کە نامەکان دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی روانگە و تێڕوانینەکانی رای گشتیی فەرەنسا بزانێت و هەندێ جاریش بە دەستوخەتی خۆی وەڵامیان دەداتەوە. 
 
ئەم رووداوە دوای کوژرانی نائیلی تەمەن 17 ساڵانی بە رەچەڵەک جەزائیری لە ناوچەی نانتێری پاریس دێت بە دەستی پۆلیس کە بووە هۆی ناڕەزایەتیی تووند دژی پۆلیس و بۆ ماوەی یەک هەفتە گرژی لێکەوتەوە.