زیندانییەک لە فەرەنسا خۆی لەنێو جانتای هاوڕێ ئازادکراوەکەی شاردەوە و هەڵات

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، پیاوێک بە شێوازێکی سەیر و دەگمەن لە زیندانێکی باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە هەڵاتووە، ئەوەش دوای ئەوەی خۆی لەنێو جانتای هاوڕێیەکی شاردووەتەوە کە سزاکەی تەواو بووە و لە زیندان ئازادکراوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی فەرەنسا، رۆژی 11-07-2025، ئەو پیاوە لە زیندانی لیۆن-کۆرباس هەڵات.
 
فەرمانگەی زیندانەکانی فەرەنسا رایگەیاند: "زیندانییەکە سوودی لە ئازادکردنی هاوڕێکەی وەرگرتووە و خۆی لە جانتاکەیدا شاردووەتەوە و بەو شێوەیە هەڵاتووە".
 
پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
ئەو زیندانییە هەڵاتووە چەند سزایەکی بەسەردا سەپێندرابوو و لە دۆسیەیەکی دیکەیشدا کە پەیوەندی بە تاوانی رێکخراوەوە هەبوو، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرا.
 
مانگی رابردوو، سەندیکای پارێزەرانی لیۆن نیگەرانیی خۆی لە قەرەباڵخیی زیندانی لیۆن-کۆرباس دەربڕی. 
 
بە گوێرەی ئاماری نافەرمی، نزیکەی 1,200 کەس لەو زیندانەدا راگیراون، لە کاتێکدا زیندانەکە تەنیا جێگەی 678 کەسی تێدا دەبێتەوە.