کیم جۆنگ ئوون پشتگیریی تەواو لە رێکارەکانی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا دەردەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
میدیای پیۆنگیانگ بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە گفتوگۆکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، پشتگیریی تەواوی بۆ رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا نیشانداوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ کۆریای باکوور نوێترین بوو لە زنجیرەیەک سەردانی باڵای بەرپرسانی مۆسکۆ، لە کاتێکدا هەردوو وڵات پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانیان بەهێزتر دەکەن.
پیۆنگیانگ هەزاران سەربازی رەوانەی هەرێمی کورسکی رووسیا کردووە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئۆکراینا؛ هەروەها گولـلە تۆپ و مووشەکی داوەتە سوپای رووسیا.
مۆسکۆ رایگەیاند، گفتوگۆی لاڤرۆڤ لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون لە "کەشێکی گەرموگوڕی هاوڕێیانە"دا بەڕێوەچووە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لاڤرۆڤ "سوپاسگوزاریی گەورەی بۆ پیۆنگیانگ" دەربڕیوە بۆ رۆڵی لە کورسک و پشتگیریکردنی لە ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا.
مۆسکۆ هەروەها گوتی، هەردوولا "هاوڕا بوون" لەسەر ئەوەی کە رۆژئاوا لە "زیادبوونی گرژی" لە نیمچەدوورگەی کۆریا بەرپرسە.
وەزارەتەکە پێشتر ڤیدیۆیەکی لە تەلەگرام بڵاوکردبووەوە کە تێیدا هەردوو کەسی ئاماژەپێدراو تەوقە دەکەن و باوەش بە یەکدیدا دەکەن.
وەزارەتەکە گوتیشی، گفتوگۆکان لە وۆنسان بەڕێوەچوون، کە شارێکە لە رۆژهەڵاتی کۆریای باکوور و تێیدا هاوینەهەوارێکی گەورە لە سەرەتای ئەم مانگەدا کرایەوە.
میدیای کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئوون بە لاڤرۆڤی گوتووە کە پیۆنگیانگ "ئامادەیە بێ مەرج پشتگیری و هانی هەموو ئەو رێکارانە بدات کە لەلایەن سەرکردایەتیی رووسیاوە دەگیرێنەبەر سەبارەت بە چارەسەرکردنی هۆکاری بنەڕەتیی کێشەی ئۆکراینا."
سەرۆکی کۆریای باکوور هەروەها "بڕوای پتەوی" دەربڕی کە "سوپا و گەلی رووسیا بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بەدەستدێنن لە جێبەجێکردنی ئەرکی پیرۆزی بەرگریکردن لە شکۆ و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی وڵات."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کیم جۆنگ ئوون ستایشی "سەرکردایەتیی نایابی" پووتینی کرد و لەگەڵ لاڤرۆڤ تاوتوێی "بابەتە گرنگەکانیان بۆ جێبەجێکردنی دڵسۆزانەی رێککەوتنەکانی لووتکەی مێژوویی کۆریای باکوور و رووسیا لە حوزەیرانی 2024" کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی تاسی رووسیا، لاڤرۆڤ بە کیم جۆنگ ئوونی گوتووە کە پووتین "هیوادارە پەیوەندییە راستەوخۆکان بەردەوام بن."
هاوکات میدیای کۆریای باکوور رۆژی یەکشەممە راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان لاڤرۆڤ و چۆی سۆن هوی، هاوتا کۆریا باکوورییەکەی بڵاوکردەوە کە رۆژێک پێشتر لە شارە کەناراوییەکە بەڕێوەچووبوو.
میدیاکە گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا مۆسکۆ "پشتگیریی بەهێزی خۆی بۆ لایەنی کۆریای باکوور لە هەوڵە رەواکانی بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی دەوڵەت" دەربڕی.
لە بەرامبەردا، چۆی "هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی بۆ هەموو ئەو رێکارانەی حکومەتی رووسیا گرتوویەتیەبەر بۆ بنبڕکردنی هۆکاری بنەڕەتیی ململانێی ئۆکراینا" نیشاندا.
میدیای رووسیا بڵاویکردەوە، لاڤرۆڤ سوپاسی سەربازە "قارەمانەکانی" کۆریای باکووری کردووە کە بۆ یارمەتیدانی رووسیا نێردراون.
سێئول رایگەیاندووە، نزیکەی 600 سەربازی کۆریای باکوور کوژراون و هەزارانی دیکەش لە شەڕکردن بۆ رووسیا برینداربوون.
کۆریای باکوور لە نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە هێزی بۆ پشتگیریکردنی رووسیا ناردووە و دانی بەوەدا نا کە سەربازەکانی لە جەنگەکەدا کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، هەردوولا "رژدبوونی خۆیان لەسەر ئەوە دووپاتکردەوە کە بە هاوبەشی رووبەڕووی خواستە پاوانخوازییەکانی لایەنە دەرەکییەکان دەبنەوە، کە بوونەتەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و لە سەرانسەری ناوچەی ئاسیا و وڵاتانی سەر زەریای هێمن."
هەردوو وڵاتە سزادراوەکە ساڵی رابردوو رێککەوتنێکی سەربازییان واژۆ کرد، کە خاڵێکی بەرگریی هاوبەشی لەخۆدەگرت، ئەمەش لە کاتی سەردانێکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ پیۆنگیانگ.