ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاگرەکەی هاوای گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 89 کەس
رووداو دیجیتاڵ
شەش رۆژە دارستانەکانی شاری لاهاینا لە دوورگەی ماوی لە ویلایەتی هاوایی ئەمریکا دەسووتێن و بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 89 کەس.
رۆژی شەممە، 12ـی ئابی 2023، جۆش گرین، حاکمی ویلایەتی هاوای گوتی، "ژمارەی ئەو کەسانەی تائێستا گیانیان لەدەستداوە 89 کەسە؛ ژمارەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت."
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا، زیاتر لە دوو هەزار و 200 باڵەخانە و خانوو زیانیان بەرکەوتووە و سێ هەزار و 513 دۆنم دارستانیش سووتاوە.
ئاگرەکە لە شەش ناوچەی سنووری شاری لاهاینا کەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکەش زیانیان بەرکەوتووە.
بای بەهێز بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنە بکات و نەتوانرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی فریاگوزاریی ئەمریکا زیانەکانی ئاگرەکەی بە 5.52 ملیار دۆلار خەمڵاندووە و کەرتی گەشتیاری هاوایش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زیاتر لە 12 هەزار گەشتیار ویلایەتەکەیان جێهێشتووە.
بەرپرسانی کەشناسیی ئەمریکا دەڵێن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە بووە.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای نیشتمانیی ئاگرکوژێنەوەی ئەمریکا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 32 هەزار ئاگر لە تەواوی ئەمریکا کەوتوونەتەوە.