لە چین سێ کەس تووشی پەتای مەرگی رەش بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە وڵاتی چین، دوو کەس تووشی پەتای تاعوونی بۆبۆنیک بوون و حکومەتیش لە ترسی بڵاوبوونەوەی، تووشبوانی کەرەنتین دەکات. 
 
رۆژی 12ی ئابی 2023، حکومەتی خۆجێی هەرێمی خۆسەری مەنگۆلیای ناوخۆ کە دەکەوێتە باشووری چین، تووشبوونی دوو کەسی بە پەتای تاعوونی بۆبۆنیک کە بە "مەرگی رەش" دەناسرێت، راگەیاند. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەکراوە، ئەم دوو تووشبووە، هاوژین و کچی ئەو کەسەن کە رۆژی 7ی مانگ تووشی هەمان پەتا ببوو. جەخت لەوەکرایەوە، ئێستا هەرسێکیان لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتدا کەرەنتین کراون و لەژێر چاودێری چڕدان. ئاماژە بەوەشدراوە کە تاوەکو ئێستا دۆخی هەر سێ تووشبووەکە جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە. 
 
پەتای تاعوونی بۆبۆنیک جۆرە نەخۆشییەکە لە رێگەی مێشوولە و خشۆکەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. تاوەکو ئێستا ئەم جۆرە پەتایە تەنیا لە مەنگۆلیای ناوخۆ دەستنیشان کراوە و لە چەند ساڵی رابردووشدا لە هەرێمی نینگیشیا لە باکووری رۆژئاوای چین دەستنیشان کرابوو. 
 
پێشتر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دابوو بەوەی تاعوونی بۆبۆنیک باوترین جۆری پەتاکانە و ئەگەر لە کاتی گونجاودا چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی تووشبووەکان. راشیگەیاندبوو، رێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووان لەنێوان 30-60٪یە. هەروەها ئەگەر پەتاکە، سییەکانی مرۆڤ بگرێتەوە ئاستی کوشندەیی زیاتر دەبێت. 
 
لەبارەی چارەسەرکردنییەوە، رێکخراوە جیهانییەکە باس لەوە دەکات کە ئەم پەتایە ڤاکسینی تایبەت بەخۆیەوە هەیە و باشترین رێگاش بۆ ئەمە، دەستنیشانکردنی لەپێشینە و خۆپارێزییە. 
 
بەرپرسانی تەندروستیی مەنگۆلیای ناوخۆ، لە بازنەیەکی فراوانی ئەو ناوچەیەی تووشبووەکانی تێدا دەستنیشانکراوە، پشکنینی تایبەت ئەنجام دەدەن.