بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت و لانیکەم 20 کۆچبەر خنکان

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەیەکی باشووری ئیتاڵیا، لانیکەم 20 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بێسەروشوێنن.
 
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە (UNHCR)، رایگەیاند، لانیکەم 20 کۆچبەر لە ئەنجامی نقوومبوونی بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی لامپێدوسا لە باشووری ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بەوەش دەکات ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن و تیمە فریاگوزارییەکانیش بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن
 
فلیپۆ ئونگارۆ، گوتەبێژی ئاژانسی کاروباری پەنابەران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "خەمبارییەکی قووڵمان هەیە بۆ ئەم کارەساتە نقوومبوونە یەک لە دوای یەکەکانی کەناراوەکانی لامپێدوسا، کە ئێستا تیمە فریاگوزارییەکان هاوکاریی رزگاربووان دەکەن، بەگوێرەی راپۆرتەکان لانیکەم 20 تەرم دۆزراونەتەوە و ژمارەیەکەیش بێسەروشوێنن".
 
ماتیۆ پیانتیدۆزی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا، ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کۆچبەری لەو رووداوەدا، پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "نقوومبوونی بەلەمەکە لە دووریی 14 مایلی دەریای لە لامپێدوسا روویداوە." 
 
بەگوێرەی میدیای ئیتاڵیا، بەلەمەکە 97 کۆچبەری هەڵگرتبوو کاتێک ژێرئاوکەوتووە.
 
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی منداڵپاریزی ئیتاڵیا رایگەیاند، یەکێک لەوانەی بێسەروشوێن بووە منداڵێکی کچە، کە تەمەنی تەنیا یەک ساڵ و نیوە. هەروەها لانیکەم 20 دیکەش بێسەروشوێنن و 60 کۆچبەریش لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە دوورگەکە.
 
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کردووە تائێستا ئەمساڵ 675 کۆچبەر لە رێگەی دەریای سپی ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە و ئەمە جگە لەوەی ئەم ساڵ زیاتر لە 38 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.