بەرپرسێکی کۆشکی سپی: لووتکەکەی ئەلاسکا لە بنکەیەکی سەربازی بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا رووسییەکەی لە بنکەی سەربازی ئیلمۆندۆرف ریچاردسن لە ئەلاسکا بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە رۆژی 15ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان دەبێت لە دوای ساڵی 2018 کە ئەو کات لە هیلسنکی کۆبوونەوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لووتکەکە لە بنکەی سەربازی ئیلمۆندۆرف ریچاردسن لە نزیک شاری ئەنکۆرەیجی پایتەختی ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێوەدەچێت.
بنکەکە بەرپرسە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئاسمانی و دەریاییانەی رووبەڕووی ئەمریکا دەبنەوە.
بەرپرسانی ئەورووپا رەخنەیان لە لووتکەکە گرتووە بەوەی، کە نابێت بەبێ بەشداری سەرکردەکانی ئەورووپا و ئۆکراینا بڕیار لەبارەی جەنگەکەوە بدرێت.
شوباتی 2022، رووسیا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا کرد و دواتر ئەویش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. ئەم ساڵ چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کراون، بەڵام جگە لە رێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی بارمتە و تەرم نەبوونە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
بەرپرسانی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، کە ئەگەر لووتکەی ترەمپ- پووتین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا سزا بەسەر ئەو وڵاتە و ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن دەسەپێنێت.