دەیان هاونیشتمانی لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان رزگار کران
رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو دەیان کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان رزگار کران، کە بەشێکیان ژن و منداڵن.
کۆچبەرەکان لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون و لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان لەلایەن پۆلیسی دەریاوانیی ئەو وڵاتەوە رزگار کراون.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆچبەرەکان زیاتر لە 70 کەس بوون؛ 12یان خەڵکی هەرێمی کورستان و زۆربەی ئەوانی دیکەش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن."
رەنج پشدەری دەڵێت، کۆچبەرەکان پەیوەندییان پێوەکردووە بۆ هاوکاری و گوتوویانە، "پۆلیسی دەریاوانی یۆنان بە گوللە بەلەمەکەیان کونکردووە و ئاوی تێچووە، دواتر دەستبەسەریان کردوون."
ئەو چالاکڤانەی کۆچبەران گوتی، "کۆچبەرەکان لە یۆنان راگیرابوون، دواتر هەموویان دیپۆرتی تورکیا کرانەوە و ئێستا لەو وڵاتە بە شێوەیەکی کاتی دەستبەسەرن."