فەرەنسا: پەرلەمانتاران داوای قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا بۆ خوار 15 ساڵان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی فەرەنسا داوا دەکەن بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نەوجەوانانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەخە بکەن، هەروەها دەیانەوێت "قەدەخەی دیجیتاڵی" بۆ گەنجانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵ جێبەجێ بکەن، کە بریتییە لە راگرتنی ئینتەرنێت لە 10ـی شەو بۆ 8 بەیانی. پڕۆژەیاساکە بە گشتی سەرنجی لەسەر بەکارهێنانی تیکتۆکە.
رۆژی پێنجشەممە 11-09-2025 لاورا میلەر، ئەندام پەرلەمانی فەرەنسا، کە ئامادەکاری راپۆرتی لێکۆڵینەوەکەیە گوتی، ئەمە بۆ ئەوەیە پیشانی بدەین، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیانیان بۆ منداڵان هەیە.
راپۆرتەکەی میلەر دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگە و داتا دێت لە چەندین خێزان، کەسە دیارەکانی سۆشیاڵ میدیا و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی ئەو بوارە.
سەرنج لەسەر تیکتۆکە
تیکتۆک کە کۆمپانیای بایت دانسی چینی خاوەنیەتی و نزیکەی 1.5 ملیار بەکارهێنەری هەیە، لە وڵاتانی رۆژئاواوە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت. نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو نێوەڕۆکانەن کە دەبنە هۆ و هاندانی زیان بەخۆگەیاندن، خۆکوشتن و شێواندنی جەستە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش لەگەڵ ئەوەیە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان و نەوجەوانان سنووردار بکرێت، نموونەشی بەو هەنگاوەی ئوسترالیا هێناوەتەوە کە هەوڵدەدات سۆشیاڵ میدیای لە کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخە بکات. لە ئەمریکا، تیکتۆک لە گێژاوێکی یاساییدایە و یاسایەک دەرچووە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە بکڕدرێت، بەڵام ترەمپ چەند جارێک جێبەجێکردنی یاساکەی دواخستووە.
تیکتۆک هەروەها بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە پەرە بە هەژموونی سیاسی دەدات، تەنانەت کۆمپانیاکەیان بەوە تۆمەتبار کرد، کە دەستی لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رۆمانیای 2024 هەبووە.
"زەریایەک لە نێوەڕۆکی خراپ"
میلەر لە راپۆرتەکەی خۆی، تیکتۆکی بە "زەریایەک لە نێوەڕۆکی خراپ" وەسفکردووە، باسی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەی کردووە کە هانی خۆکوشتن، تووندوتیژی و شێواندنی ئەندامەکانی جەستە دەدەن. میلەر نووسیویەتی، تیکتۆک وای کردووە، "منداڵان لەنێو نێوەڕۆک و ڤیدیۆی خراپ گیربخۆن و ئالوودەی ببن. ئێستا ئەپی دیکەش هەمان لۆگاریتمی ئالوودەکەری تیکتۆک بەکاردەهێنن."
میلەر هۆشداریی داوە، تەنانەت بەکارهێنانێکی بنەڕەتیی تیکتۆک دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە سەرنج و بیری منداڵان.
تیکتۆک هاتە دەنگ و راپۆرتەکەی رەتکردەوە، گوتیشی: "خەریکن بە ناڕەوا تۆمەت بە سەکۆکە دەبەخشنەوە و هەوڵەکانی ئەپەکە بۆ پاراستنی بەکارهێنەرەکانی بەلاڕێدا دەبەن."
سکاڵای تاوانکاری
ئارسەر دێلاپۆرت، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە پەرلەمانی فەرەنسا پلانی داناوە لە دادگە سکاڵایەکی تاوانکاری لەسەر "بە ئەنقەست خستنە مەترسیی بەکارهێنەران" بکات.
دێلاپۆرت گوتی، بەڕێوەبەرانی تیکتۆک لەکاتی گەواهیدان درۆیان کردووە و دەڵێن، زانیارییان لەسەر ئەو راپۆرتە دزەپێکراوەی کۆمپانیاکە نییە، کە باسی زیانە ئەگەرییەکانی ئەپەکە کردووە.
"جەرگ سووتان"
بەشێک لەو دایک و باوکانەی بەهۆی تیکتۆکەوە، منداڵەکانیان خۆیان کوشتوون، لەو لێکۆڵینەوەیە گەواهییان داوە و ئاماژەیان بە رۆڵی تیکتۆک کردووە لە تەندروستیی دەروونیی منداڵەکانیان.
جێراڵدن گوتی، کچەکەی پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، ڤیدیۆی ئازاردانی خۆی لە تیکتۆک بڵاودەکردەوە.
تیکتۆک دەڵێت، لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە 98٪ـی نێوەڕۆکی زیانبەخش لە فەرەنسا دەسڕنەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەڵێن، فلتەرەکانی تیکتۆک بە ئاسانی دەتوانرێ فێڵیان لێبکرێت.
لێکۆڵینەوەکە هەروەها رەخنەی لە کۆمپانیاکە گرت و گوتی، چاودێریی دراوەتە دەست ژیریی دەستکرد و ئەو کارە بە کەمیی دەدرێت مرۆڤ.