سەرۆکی نیپاڵ رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی دیاریکرد

رووداو دیجیتاڵ

رامچاندار پاودێل، سەرۆکی نیپاڵ پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و رۆژی 05-03-2026ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێ دیاریکرد. ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی تووندی گەنجەکانی ئەو وڵاتە دێ کە بووەهۆی لابردنی کەی پی شارما ئۆلی، سەرۆکوەزیران و دانانی کەسێکی دیکە لە جێگەی.
 
رۆژی شەممە 13-09-2025 نووسینگەی سەرۆکایەتیی نیپاڵ بڵاویکردەوە: "سەرۆک، پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و رۆژی 5ـی ئاداری داهاتووی بۆ هەڵبژاردن دیاریکرد."
 
راگەیێندراوەکەی پاودێل دوای چەند کاژێرێک لە دەستبەکاربوونی سوشیلا کارکی، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە بوو. 
 
دوای دوو رۆژ لە مشتومڕی چڕ لە نێوان سەرۆکی نیپاڵ؛ ئاشۆگ راگ سیگدل، سوپاسالار و نوێنەری خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە، کارکی دەستنیشانکرا.
 
خۆپیشاندەران ناویان لە خۆیان نابوو "جێن زێد" دژی گەندەڵیی وڵاتەکە هەستانەوە و چەند وەزیرێکیشیان، لەوانە وەزیری دارایی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد. لە خۆپیشاندانەکاندا، 51 کەس کوژران و 1300ـیش برینداربوون.
 
هیندستان، دراوسێی باشووری نیپاڵ هیوای خواست، پێشهاتەکان یارمەتیی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکە بدەن.
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە ئێکس نووسی: "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە خاتوو سوشیلا کارکی دەکەم کە وەک سەرۆکوەزیرانی کاتیی نیپاڵ دەستبەکاربوو. هیندستان بە تەواوی پابەندی ئاشتی، بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانیی برایان و خوشکانی نیپاڵە."
 
ئەوەی ئاگری خۆپیشاندانەکانی هەڵگیرساند، قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو لەلایەن حکومەتەوە. رۆژی 11-09-2025 ئۆلی دەستی لەکار کێشایەوە و خۆپیشاندەرانیش شەقامەکانیان چۆڵکرد.
 
وڵاتە 30 ملیۆن کەسییەکە لەنێوان هیندستان و چینە، دوێنێ هەینی ئارامیی بەخۆیەوە بینی و بازاڕەکان دەستیان بەکار کردەوە و ئۆتۆمبێلەکانیش گەڕانەوە سەر شەقامەکان.