ترەمپ داوا لە ناتۆ دەکات کڕینی نەوتی رووسیا بوەستێنن پێش ئەوەی سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەیە سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت، بەڵام بەو مەرجەی سەرجەم هاوپەیمانانی ناتۆ کڕینی نەوتی رووسیا بە تەواوی رابگرن و ئەوانیش لای خۆیانەوە سزا بسەپێنن.
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ شەممە، پێشنیازی بۆ ئەندامانی ناتۆ کرد وەک رێگەیەک بۆ یارمەتیدان لە کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، بیر لە سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی 50٪ تاوەکو 100٪ بەسەر چیندا بکەنەوە.
ترەمپ پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە پەیامە بۆ هەموو وڵاتانی ناتۆ و جیهان. ئەو دەڵێت: "ئامادەم سزای گەورە بەسەر رووسیادا بسەپێنم، کاتێک هەموو وڵاتانی ناتۆ رەزامەندییان دەربڕی و دەستیان بە هەمان کار کرد و کاتێک هەموو وڵاتانی ناتۆ کڕینی نەوت لە رووسیا رادەگرن."
ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە سزای زیاتر بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت، لەنێویاندا یەکشەممەی رابردوو دوای ئەوەی کرێملین گەورەترین هێرشی ئاسمانیی خۆی کردە سەر ئۆکراینا.
ترەمپ دەیەوێت سزاکان وەک رێگەیەک بەکاربێنێت بۆ لێدان لەو داهاتەی کە مۆسکۆ بۆ بەردەوامیدان بە جەنگە قورسەکەی پێویستی پێیەتی.
بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوی نەناوە، ئەمەش کیێڤی نیگەران کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا کڕینی نەوتی رووسیای لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە وەک "شتێکی شۆکهێنەر" ناو برد و گوتی، ئەمە هێزی دانوستاندنیان لەبەرامبەر مۆسکۆدا لاواز دەکات.
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی: "هەر چۆنێک بێت، هەرکە ئێوە ئامادە بوون، من ئامادەم دەست پێبکەم. تەنیا بڵێن کەی؟"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت وڵاتانی ناتۆ باجی گومرگی بەسەر چیندا بسەپێنن.
ترەمپ پێی وایە پەکین هاوئاهەنگیی ستراتیجیی لەگەڵ مۆسکۆ بەهێز کردووە. بەم دواییانە سەرۆکەکانی رووسیا و چین لە پەکین کۆبوونەوەیەکی گرنگیان کرد.
ترەمپ گوتیشی: "پێموایە ئەگەر ناتۆ سزا بەسەر رووسیادا بسەپێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا لە هەمان کاتدا ناتۆ وەک گرووپێک، باجی گومرگیی 50٪ بۆ 100٪ بەسەر چیندا بسەپێنێت، کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بە تەواوی هەڵیبگرێتەوە، یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە کوشندە و بێمانایە."
هەروەها دەڵێت: "چین کۆنترۆڵ و تەنانەت دەسەڵاتێکی بەهێزی بەسەر رووسیادا هەیە و ئەم باجە گومرگییە بەهێزانە ئەو دەسەڵاتە دەشکێنن."
ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە کە لە 32 ئەندام پێکدێت "ئەوە بکات کە من دەیڵێم، جەنگەکە بەخێرایی کۆتایی دێت. ئەگەر نا، ئەوا تەنیا کاتی من بەفیڕۆ دەدەن."