وەزیری بەرگری ئەمریکا: هەسەدە بە نیازە بە هاوکاری سووریا و رووسیا هێرشی پێچەوانە ئەنجامبدات
رووداو-هەولێر
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە بە سوپای ئەو وڵاتە هەزار سەربازی خۆی لە باکووری سووریا بەرەو باشووری سووریا بکشێنێتەوە، دەشڵێت، هێزە کوردییەکان وا دیارە بە نیازی هێرشی پێچەوانە بن بە هاوکاری سوپای سووریا و رووسیا.
مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبارەی هۆکاری کشانەوەکە ئەو هەزار سەربازە لە باکووری سووریا بۆ باشوور دەڵێت: کشانەوەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیایە بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایە کە لە رۆژی چوارشەممە لە دژی هێزە کوردیەکان دەستیپێکرد.
وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە، ئەو ژمارە سەربازە سووریا بەجێناهێڵن و تەنها لە باکوور کشاونەتەوە بۆ باشوور.
سەبارەت بە پلانی هێرشەکانی تورکیا، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە کەناڵی CBS راگەیاند "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو، ئێمە بۆمان دەرکەوت کە تورکیا وەها دەردەکەوێت بە نیازبن هێرشەکەیان فراوانتر بکەن بەرەو باشوور وەک لەوەی لە سەرەتادا پلانیان بۆ دانابوو، هەروەها بەرەوە رۆژئاواش" .
قسەکانی ئێسپەر لەکاتێکدایە دوێنێ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیامێکیدا بە ئەمریکای راگەیاندووە ئەگەر ئامادەنین پارێزگاری لەناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بکەن، ئەوا باشترە رێگەبدەن هەسەدە هاوکاری لە سووریا و رووسیا وەربگرن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا پشتراستیکردەوە کە هەسەدە ئێستا بە نیازی بە دەستهێنانی هاوکاری سوپاکانی سووریا و رووسیایە بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا راشیگەیاند، بارودۆخەکە بەو جۆرەیە کە "دەکرێت هێزە ئەمریکییەکان بکەونە نێوان دوو هێزی جیاوازەوە و ئەوەش بارودۆخێکی خراپە. هەربۆیە شەوی رابردوو لەگەڵ سەرۆک قسەمکرد، ئەوەش دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکیش فەرمانی پێکردم بۆئەوەی دەست بە کشانەوەیەکی بەمەبەستی هێزەکانمان لە باکووری سووریا بکەین".
وەزیری بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی فۆکس نیوز لە وەڵامی پرسیاری ئێستا تورکیا وەکو هاوپەیمان دەردەکەوێت؟ ئاماژەی بەوەکرد "نەخێر، بنچینەی کارەکانی تورکیا لە چەند ساڵی رابردوو زۆر خراپ بووە".
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ لە ژمارەیەک توویتدا رایگەیاند، ئەوان هاوشێوەی 16ـی ئۆکتۆبەر لایەنگری هیچ لایەک ناکەن و لە نزیکیشەوە چاودێری دۆخی رۆژئاوا دەکەن.
هەر ئەمڕۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی بە هاوکاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا تاوەکو قوڵایی 30 بۆ 35 کیلۆمەتر دەبێت و هەڕەشەی وڵاتانیش نایانوەستێنێت.