دیپلۆماتکارێکی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پایتەختی چین درایە بەر چەقۆ

رووداو دیجیتاڵ

دیپلۆماتکارێکی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پەکینی پایتەختی چین درایە بەر چەقۆ، وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، چارەسەری بۆ کراوە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە.

وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، "ئەمڕۆ کارمەندێکی [دیپلۆماتکارێکی] باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پەکین هێرشی کرایەسەر." ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکە لەنێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەدا نەبووە.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی چین، دیپلۆماتکارەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ کراوە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە. لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش ئاماژەی بەوە کردووە، "لێکۆڵینەوەی لێدەکەین."

بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و پشتڕاستکراوەتەوە، لە دووریی زیاتر لە 1.6 کیلۆمەتر لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل پیاوێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و دواتر دەستبەجێ شوێنەکە جێدەهێڵێت. وەکو لە ڤیدیۆکەش دەردەکەوێت، هێرشکارەکە چەکیشی پێبووە.

نیکۆلاس بێرنس، باڵیۆزی ئەمریکا لە چین لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئێمە بەو هێرشەی لە پەکین کرایە سەر دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی، شۆک بووین." هاوکات "پاڵپشتیی تەواوی" خۆی بۆ "باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی ئیسرائیلی" لە چین راگەیاندووە.
 

هێرشکردنە سەر ئەو دیپلۆماتکارە ئیسرائیلییە لە پەکین لەکاتێکدایە کە چەکدارانی حەماس لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"دا زیاتر لە 1200 ئیسرائیلییان کوشتووە و نزیکەی 150 ئیسرائیلییشیان بە بارمتە گرتووە. لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل هێرشی مووشەکیی بۆسەر غەززە ئەنجامدا و بەهۆیەوە تائێستا لانیکەم 1350 کەس کوژراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ماڵپەڕەکەی هۆشدارییەکی لەبارەی بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، داوای "لە هەموو پاڵپشتیکارانی لە جیهان" کردووە کە رۆژی هەینی بکەن بە "رۆژی تۆڵەسەندنەوە" و "هێرش بکەنە سەر هەموو ئیسرائیلی و جوویەک."