باڵیۆزی عێراق لە رۆما: بەخشینی خەڵاتی ستیڤی بە رووداو سەربەرزییە بۆ هەموومان

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا بەخشینی خەڵاتی جیهانیی ستیڤی بە تۆڕی میدیایی رووداو بە سەربەرزییەکی گەورە ناودەبات و دەڵێت، "مایەی سەربەرزییە کە دەبینم لە واشنتن، برۆکسل و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە ئامادەیە. ئەو خەڵاتەی ئەمڕۆش پێزانینە بەوەی لای ئێمە ئازادی رۆژنامەڤانی و رادەربڕین هەیە."
 
ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی رۆما و 22:00 بە کاتی هەولێر، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی گەورەدا خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی ستیڤی بەخشرایە تۆڕی میدیایی رووداو. سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە رۆما بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکەی راگەیاند، "پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم؛ مایەی سەربەرزییە کە بۆ یەکەمجار میدیایەکی کوردستانی و عێراقی ئەم خەڵاتە وەردەگرێت."
 
سەیوان بارزانی دەڵێت، "رووداو لە ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتیدا کار دەکات و خزمەتێکی زۆر بە راگەیاندن و زمانی کوردی دەگەیەنێت؛ هاوکات هەواڵ و رووداوەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە جیهان دەگەیەنێت".
 
باڵیۆزی عێراق لە رۆما لەبارەی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "مایەی سەربەرزییە کە دەبینم لە واشنتن، برۆکسل و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە ئامادەیە. ئەوە یەکەمجارە میدیایەکی کوردی ببینین لەسەر ئاستێکی وەها بەرز، نەک لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. بەم شێوەیە کارەکانی لە سەرجەم پلاتفۆرمەکانی وەک تەلەڤزیۆن، سۆشیاڵ میدیا و بوارەکانی دیکەدا بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵ و بە ئاستێکی زۆر بەرز پێشکێش دەکات".
 
سەیوان بارزانی گوتی، "لە ساڵی 1992ـەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و هەروەها لەدوای ساڵی 2003 کە رژێمی سەدام رووخاوە، میدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی بینیوە و ئازادییەکی زۆریش هەیە، تەنانەت هەندێک کەس دەڵێن ئازادییەکی بێسنوور هەیە و دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پرۆفێشناڵ بەرەوپێش بچێت. ئەو خەڵاتەی ئەمڕۆ دراوە بە رووداو، زۆر گرنگە و پێزانینە بەوەی لای ئێمە ئازادی رۆژنامەڤانی و رادەربڕین هەیە". 
 
ئەو خەڵاتەی رووداو وەری گرت خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی ستیڤییە وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە. رووداو لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)؛ هەروەها بەهۆی فراوانیی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆرمە جیاوازەکانی دیکە خەڵاتەکەی وەرگرت.