دادوەرێکی ئەمریکی فەرمانی ئازادکردنی سەدان کۆچبەری دەرکرد؛ 'ژیانی ئەمریکییەکان دەخاتە مەترسییەوە'
رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا فەرمانیدا، سەدان کۆچبەری بێ بەڵگەنامە، لە چوارچێوەی هەڵمەتە تووندەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی کۆچبەران دەستگیرکرابوون، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، جێفری کەمینگز، دادوەری فیدراڵی لە شیکاگۆ فەرمانی دەرکرد ئەو کۆچبەرە دەستگیراوانە ئازاد بکرێن کە بە مەترسی ئەمنیی هەژمار ناکرێن و چاوەڕێی رێکارە یاساییەکانیان دەکەن.
بەگوێرەی رۆژنامەی شیکاگۆ تریبیون، بڕیاری دادوەرەکە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە، کە بەبێ فەرمانی دادگا و بەبێ "هۆکاری گونجاو" دەستگیرکراون.
رۆژنامەکە رایگەیاند، دادوەرەکە رێگە بە ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان دەدات، بە دانانی کەفالەتی 1,500 دۆلاری لەگەڵ جۆرێک لە چاودێریکردن، کە بەستنی قۆڵبەندی ئەلیکترۆنیش دەگرێتەوە.
زۆر لەوانەی دەستگیرکرابوون پێشتر دیپۆرتکراونەتەوە، یان رەزامەندییان دەربڕیوە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە وڵاتەکە جێبهێڵن.
وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرکۆنەی بڕیاری دادوەرەکەی کرد.
وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "لە هەموو لایەکەوە دادوەرانی چالاکڤان، سیاسەتمەدارانی داڵدەدەر و ئاژاوەگێڕان بەردەوام هەوڵیانداوە رێگری لە ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسامان بکەن لە دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی خراپترینەکان. ئێستا دادوەرێکی چالاکڤان ژیانی ئەمریکییەکان راستەوخۆ دەخاتە مەترسییەوە بە دەرکردنی فەرمانێک بۆ ئازادکردنی 615 بیانیی نایاسایی بۆ نێو کۆمەڵگە."
بڕیارەکەی دادوەر وەکو وەڵامێک بۆ سکاڵایەک هات، کە لەلایەن سەنتەری نیشتمانیی دادپەروەریی کۆچبەران و یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکاوە تۆمارکرابوو، کە تێیدا دەستگیرکردنی کۆچبەرانی بە نایاسایی ناوبردبوو.
بڕیارەکە نوێترین پاشەکشەیە بۆ هەڵمەتە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی کۆچبەران لە شیکاگۆ کە سێیەم گەورەترین شاری ئەمریکایە.
ترەمپ، فەرمانی بە ناردنی سەدان سەربازی گاردی نیشتمانی کردووە بۆ ئەو شارەی کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و یارمەتیدانی هەوڵەکانی کۆچ، بەڵام بڵاوەپێکردنەکە لەلایەن دادگا فیدراڵییەکانەوە رەتکراوەتەوە.
مانگی رابردوو، ئیدارەی ترەمپ داوای لە دادگای باڵا کرد بڕیارەکانی دادگاکانی خوارەوە هەڵبوەشێنێتەوە، کە رێگری لە بڵاوەپێکردنی گاردی نیشتمانی لە شیکاگۆ دەکەن.
سەرۆکە کۆمارییەکە ئەم ساڵ سەربازانی گاردی نیشتمانیی رەوانەی سێ شاری ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکان کردووە، لەنێویاندا لۆس ئەنجلۆس، واشنتن و مێمفیس، بەڵام هەوڵەکانی بۆ بڵاوەپێکردنی سەربازان لە پۆرتلاند و شیکاگۆ لە دادگاکان گیریان خواردووە.