ترەمپ واژۆی کرد و پاش 43 رۆژ حکومەتی ئەمریکا کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ یاسای کۆتاییهێنان بە درێژترین داخستنی حکومەتی وڵاتەکەی واژۆکرد. داخستنەکە 43 رۆژی خایاند و ئەمریکای ئیفلیج کردبوو.
ئەنجوومەنی نوێنەران کە تێیدا کۆمارییەکان زۆرینەن، رۆژی چوارشەممە 12-11-2025 بە زۆرینەی دەنگ پاکێجێکی پەسندکراوی ئەنجوومەنی پیرانی پەسندکرد کە فەرمانگە و ئاژانسە فیدراڵییەکان دەکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکان تووڕەن و دەڵێن، سەرکردەکانی پارتەکە خۆیان بەدەستەوەداوە.
ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر پڕۆژەکە دا و 216 ئەندامی کۆماری بە (بەڵێ) و 2 ئەندام بە (نەخێر) دەنگیاندا. لەبەرامبەردا 6 ئەندامی دیموکرات بە (بەڵێ) دەنگیاندا و 207 ئەندامیش دژی بوون. کۆی گشتی، 222 دەنگی بەڵێ و 209 دەنگی نەخێر بوو.
لەکاتی واژۆکردنی پڕۆژەیاساکەدا ترەمپ لە کۆشکی سپی هێرشی کردە سەر دیموکراتەکان و داوای لە ئەمریکییەکان کرد، لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا (هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی پیران و نوێنەران) لە تشرینی دووەمی 2026دا ئەو دۆخە لەبیرنەکەن.
ترەمپ بە ئەمریکییەکانی گوت: "لە هەڵبژاردنی نیوەخولدا، لەبیرتان نەچێت چییان بەسەر وڵاتەکەماندا هێنا. بە واژۆی من، حکومەتی فیدراڵی لە ئێستاوە دەست بە کارە ئاساییەکانی دەکاتەوە."
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە تەنیشت ترەمپەوە وەستابوو گوتی: "ئەمڕۆ پەیامێکی روون دەنێرین؛ ئێمە هەرگیز هەڕەشە کارمان لێناکات و خۆمان رادەست ناکەین."
ئەو پاکێجەی واژۆکرا، تاوەکو پاییزی داهاتوو پارە بۆ ئەم شتانە دابین دەکات: بودجەی بواری سەربازی، کاروباری وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆنگرێس. هەروەها تاوەکو مانگی یەکی 2026 پارە بۆ تەواوی ئاژانس و فەرمانگەکانی دیکەی حکومەت تەرخان دەکات.
نزیکەی 670,000 کارمەندی سڤیل کە لە مۆڵەتی ناچارییدا بوون، دەگەڕێنەوە سەر کار و ژمارەیەکی هاوشێوەش کە لە پۆستەکانیاندا بەبێ مووچە هێڵدرابوونەوە، لەنێویاندا زیاتر لە 60,000 کارمەندی چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانی و کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەکان، مووچەکانیان بە دواکەوتوویی وەردەگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە چەند وەزارەتێک، لەوانەش وەزارەتەکانی داد و تەندروستی، بە ستافی خۆیان راگەیاند کە بچنەوە سەر کارەکانیان.
هەرچەندە حکومەت کرایەوە، بەڵام هێشتا گەشتە ئاسمانییەکان بەتەواوی نەهاتوونەتەوە سەر رێچکەی خۆیان. هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە نزیکەی 1000 گەشت هەڵوەشێندرانەوە. دەسەڵاتداران گوتیان، چاودێرەکانی هاتووچۆی ئاسمانی دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، دیموکراتەکان بایی 1.5 تریلیۆن دۆلار زیانیان لە ئەمریکا داوە، ئەمە لەکاتێکدایە زیانی دارایی تەواوی داخستنەکە بڵاونەکراوەتەوە. هاوکات، نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس مەزەندەی 14 ملیار زیان لە گەشەی ئابووری دەکات.
سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتەکان داوایان لە ئەندام و سیاسەتڤانەکانیان کردبوو، دەنگی نەخێر بە پڕۆژە بڕیارەکە بدەن، بەڵام دوای ئەوەی پڕۆژەکە دەنگی تەواوی بەدەستهێنا، تووڕەییەکی زۆر لای بەشێکیان دروستبوو.
ئەو شەش دیموکراتەی دەنگیان بە بەڵێ دا بریتی بوون لە ئادەم گرەی (کالیفۆرنیا)، تۆم سوۆزی (نیویۆرک)، ماری پێرێز (واشنتن)، دۆن دەیڤیس (کارۆلاینای باکوور)، هێنری کوێلار (تەکساس) و جارید گۆڵدن (مەین).
بۆ زیاتر لە پێنج هەفتە، دیموکراتەکان سووربوون لەسەر رەتکردنەوەی کردنەوەی حکومەت و مەرجەکەیان ئەوە بوو ترەمپ رەزامەندی بدات لەسەر درێژکردنەوەی باجەکانی سەردەمی پەتای کۆرۆنا کە بیمەی تەندروستییان بۆ ملیۆنان ئەمریکی بە نرخێکی گونجاو دابین کردبوو.