توێژینەوەیەک: مرۆڤەکان بەبێ نیاندەرتاڵەکان تائێستا نەدەمانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کاتێک باوانەکانمان لە ئەفریقا دێنە دەرەوە و دەگەنە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تووشی نەخۆشیی نوێ دەبن، تاکە چارەسەر جووتبوونیان دەبێت لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان؛ توێژینەوەیەکی نوێ ئەمەی دەرخستووە.
 
بە جۆری ئێمە دەگوترێت هۆمۆ سەیپیێنس و بەگوێرەی شیکاری بۆ ئێسکوپروسکیان، لە دەوروبەری 300 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقاوە پەیدا دەبن؛ لە 70 بۆ 80 هەزار ساڵ لەمەوبەردا، هەزارانیان بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دواتر ئەورووپا کۆچ دەکەن.
 
جۆری نیاندەرتاڵەکان لە خوار 500 هەزار ساڵەوە دەردەکەون و لە خاکی ئێستای ئیسرائیل و فەلەستینەوە تاوەکو ناوجەرگەی ئەوروپا ژیاون.
 
کاتێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم دوو جۆرە بەیەکدی دەگەن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێوانیان دروست دەبێت؛ توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Science بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، باوانەکانمان نەخۆش کەوتوون و زۆریان لێ مردوون چونکە لە کەشوهەوای خۆیاندا نەماون، تاکە چارەسەر جووتبوون بووە لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان بەوەی لە وەچە هاوبەشەکانیاندا سیستمی بەرگریی بۆ نەخۆشییەکان دروستبووە.
 
پرۆفیسۆر جۆهانس کرۆوس لە پەیمانگەی ماکس پلانکی ئەڵمانی بۆ زیندەناسیی پەرەسەندن بە ماڵپەڕی بی بی سی گوتووە، لە پاش ئەم زانیارییە نوێیانە "دەبێ جارێکی دیکە مێژووی مرۆڤ بنووسرێتەوە".
 
پرۆفیسۆر جۆهانس کرۆوس کە پسپۆڕییەکەی لێکۆڵینەوەیە لە جیناتی بوونەوەرانی پێش مێژوو، دەڵێت، "ئێمەی مرۆڤی ئێستایی خۆمان وەکو چیرۆکێکی گەورە و سەرکەوتووترین شیردەر دەبینین بەوەی لە ئەفریقا هاتووینەتە دەرەوە و ناوچەکانمان فراوان کردوون، بەڵام لە سەرەتادا وا نەبووین و چەندین جار تووشی لەنێوچوون بووینەتەوە".
 
بەپێی توێژینەوەکە، بەهۆی کەشوهەوای سەختەوە، تەنانەت یەکەم نەوەی بەرهەمی پێکەوەژیانی هۆمۆ سەیپیێنس و نیاندەرتاڵ لە ئەورووپادا رزگاریان نەبووە و لەنێوچوون، تاوەکو لە سەردەمەکانی دواتر نەوە هاوبەشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چوونەتەوە بەرەو ئەو کیشوەرە.
 
ئەگەرچی دەگوترێت بەهۆی ئاووهەوای نالەبار و کەمی ژمارەیانەوە لەنێوچووبن، بەڵام تائێستا نازانرێت بە راست و دروستی کام هۆکاری سەرەکی نیاندەرتاڵەکانی لە دەوروبەری 40 هەزار ساڵ لەمەوبەردا بە یەکجارەکی لەنێوبردوون.
 
لە توێژینەوەکاندا، ئەوە یەکلابووەتەوە کە زۆرینەی نەوە نوێیەکانی ئێستای مرۆڤایەتی بەشێک لە جیناتی نیاندەرتاڵەکانیان تێدایە.
 
لە پاش کیشوەری دایک (ئەفریقا)، دووەم هەواری سەیپیێنس سنووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە بووە لانکەی بەرەوپێشچوونی ئاستی ژیری، دۆزینەوەی تەکنیکی چاندن لە خوار 15 هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە (گوندی چەرمۆ و بێستانسوور لە باشووری کوردستان بەڵگەی ئەم بابەتەن)، هەروەها داهێنانی نووسین لای سۆمەرییەکان، بنیاتنانی کۆمەڵگەی گەورەتر و شارستانییەتە یەک لەدوای یەکەکان تاوەکو ئەمڕۆ.