بەرهەم ساڵح یەک قۆناخی ماوە بۆ ئەوەی وەکو کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەکاربێت

رووداو دەیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقی بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR) بەربژێرکرد. بەپێی رێکارەکان، د. بەرهەم قۆناخە سەختەکانی بڕیوە و ئێستا تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2026ـەوە دەستبەکاربێت.
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، د. بەرهەم ساڵح توانیویەتی متمانەی لیژنە باڵاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستبهێنێت و وەک "بەربژێری کۆتایی" دیاری بکرێت.
 
ئێستا د. بەرهەم لە چ قۆناخێکدایە؟
 
وەرگرتنی ئەم پۆستە جیهانییە بە سێ قۆناخی سەرەکیدا تێدەپەڕێت؛ د. بەرهەم دوو قۆناخی تەواو کردووە و ئێستا لەبەردەم قۆناخی کۆتاییدایە:
 
قۆناخی یەکەم (تەواو بووە): پێشکێشکردنی سیڤی و بەربژێرکردنی لەلایەن وڵاتانەوە.
 
قۆناخی دووەم (تەواو بووە): پرۆسەیەکی وردبینیی چڕوپڕ و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەلایەن "لیژنەیەکی راوێژکاریی باڵا". د. بەرهەم ئەمەی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و لیژنەکە ناوی ئەویان وەک کەسی شیاو داوەتە ئەمینداری گشتی.
 
قۆناخی سێیەم (ماوە): ئەمینداری گشتی (ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس) بە نووسراوی فەرمی ناوی د. بەرهەم ساڵحی ئاراستەی "کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان" کردووە و داوای کردووە پەسندی بکەن.
 
هەنگاوی یەکلاکەرەوە: دەبێت کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (نوێنەری وڵاتانی جیهان) کۆببنەوە و "دەنگ" لەسەر پێشنیازەکەی گۆتێرێس بدەن. هەرکات ئەوان دەنگیان دا و پەسەندیان کرد، ئەوکات بە فەرمی د. بەرهەم ساڵح دەبێتە کۆمیسیاری باڵا.
 
بەڵگەنامەکە چی تێدایە؟
 
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە دەست رووداو کەوتووە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکار (ExCom) کردووە و تێیدا هاتووە: "دوای پرۆسەیەکی وردی هەڵسەنگاندن، د. بەرهەم ساڵح پێشکێشی کۆمەڵەی گشتی دەکەم بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی فیلیپۆ گراندی".
 
ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە بڕگەی 13ی پەیڕەوی UNHCR، کە دەسەڵات دەدات بە ئەمینداری گشتی کەسی شیاو "بەربژێر بکات" و دواتر لەلایەن کۆمەڵەی گشتییەوە پەسەند بکرێت.
 
وادەی دەستبەکاربوون و ئەرکەکان
 
ئەگەر لە کۆمەڵەی گشتی دەنگی لەسەر بدرێت، د. بەرهەم ساڵح دەبێتە شوێنگرەوەی (فیلیپۆ گراندی)، دیپلۆماتکاری ئیتاڵی کە لە ساڵی 2016ـەوە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
 
ماوەی پۆستەکە: 5 ساڵە.
 
دەستپێک: لە 1ی کانوونی دووەمی 2026 دەستبەکار دەبێت.
 
کۆتایی: تاوەکو کۆتایی ساڵی 2030 بەردەوام دەبێت.
 
پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، یەکێکە لە کاریگەرترین پۆستە مرۆییەکان لە جیهاندا و ئەرکی سەرەکی بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ملیۆنان پەنابەر، بەدەمەوەچوونی قەیرانەکان لە کاتی جەنگ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ.
 
پێشتریش و بەر لە سێ مانگ، رووداو وەک یەکەم دەزگای میدیایی ئاشکرای کردبوو کە سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق سەرقاڵی وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتییە.