سیناتۆرێک بۆ سووریا و تورکیا: هێرش بۆ سەر کورد وەڵامی تووندی ئەمریکای بەدوادێت
رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و دەوڵەتی تورکیا کرد و رایگەیاند، هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان، وەڵامێکی تووندی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 14-01-2026 گراهام لە پەیامێکدا لە ئێکس، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سیناتۆر ریش (سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران) دەربڕی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا. گراهام ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی نوێی سووریا ئاگادار دەکەینەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی کەمینەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت."
ئەم سیناتۆرە باڵایەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، راپۆرتی باوەڕپێکراوی پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی سوپای سووریا و تورکیا رەنگە بەرەو پێشڕەویی زیاتر بچن دژی هاوپەیمانە کوردەکان. گراهام گوتی: "پێموایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
گراهام جەختی کردەوە، هەرچەندە پشتگیری لە پێدانی دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا دەکات، بەڵام "قبووڵی هیچ هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان ناکات." ئەو وەک "هێزی سەرەکی لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش" وەسفی کوردەکانی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، کوردەکان لە ساڵانی رابردوودا "پەیوەندییەکی توکمەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە."
لیندزی گراهام پەیامەکەی بە هۆشدارییەکی روون بۆ دیمەشق و ئەنقەرە کۆتایی پێهێنا و نووسی: "ژیرانە بژاردەکانتان هەڵبژێرن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شاری حەلەب لە هەفتەی رابردوودا شاهیدی پێکدادانی خوێناوی بوو لە نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون. لایەنە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن دیمەشق و کورد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە ناو حکومەتی نوێدا، بەڵام پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، نیگەرانییەکانی لە واشنتن زیاتر کردووە.
دەقی پۆستەکەی گراهام
"من بە تەواوی پشتگیری و پاڵپشتی داواکەی سیناتۆر ریش دەکەم بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە سووریا، کە حکومەتی نوێی سووریا ئاگادار دەکاتەوە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی کەمینەکان قبووڵ ناکرێت. نیگەرانکەرترین لە هەمووی ئەوەیە کە راپۆرتی وام پێدەگات و پێم وایە باوەڕپێکراون، کە هێزەکانی سوپای سووریا و تورکیا رەنگە زیاتر بەرەو پێش بچن دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، هەنگاوێک کە پێم وایە دەبێتە هۆی پەرچەکردارێکی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لەکاتێکدا من پاڵپشتی پێدانی هەلێک بەم حکومەتە نوێیەی سووریا دەکەم، بەڵام بەرگەی هێرشێکی بێشەرمانە دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان ناگرم و قبووڵی ناکەم، کە هێزی سەرەکین لە لەناوبردنی خەلافەتی داعش و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە.