بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی چین بۆ رووداو: هەناردەی رۆبۆتە زیرەکەکان 60٪ زیادی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی چین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، ژیریی دەستکرد بووەتە بزوێنەری سەرەکیی گەشەی بازرگانیی وڵاتەکەی و هەناردەی پارچە ئەلیکترۆنییە وردەکان و رۆبۆت بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-01-2026، وانگ جون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گشتیی گومرگی چین بە مەهدی فەرەج، پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو)ی لە بەیجینگ راگەیاند: "بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO)، بازرگانیی کاڵا پەیوەندیدارەکان بە ژیریی دەستکرد لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 20٪ زیادی کردووە، ئەمەش 40٪ـی تێکڕای گەشەی بازرگانیی جیهانی پێکدەهێنێت."
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە لەسەر هاوردەکردن لە چین، وانگ جون گوتی: "پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای شۆفێریی زیرەک لە چین وایکردووە هاوردەکردنی ئامێرەکانی لیدار (LiDAR) بە رێژەی 20٪ زیاد بکات. هەروەها بەهۆی پێویستیی زۆر بە توانای ژمێریاری بۆ ژیریی دەستکرد، هاوردەکردنی پارچەکانی کۆمپیوتەر 20٪ زیادی کردووە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی چین ئامارەکانی هەناردەشی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کۆمپانیا چینییەکان لە هەناردەکردنی "یەکەی گوێزەرەوە ئۆپتیکییەکان" کە لە کارتە گرافیکییە پێشکەوتووەکاندا بەکاردێن، نزیکەی 60٪ گەشەیان کردووە.
 
ئەو بەرپرسە چینییە گوتیشی: "رۆبۆتە زیرەکە چینییەکان تەنیا بۆ کات بەسەربردن نین، بەڵکو لە پڕۆژە ژێرخانییە گەورەکانی دەرەوەی وڵاتدا بۆ گواستنەوە بەکاردێن؛ پار هەناردەی ئەو رۆبۆتانە 60٪ بەراورد بە ساڵی پێشووتر زیادی کرد."
 
بەگوتەی وانگ جون، ئێستا بەرهەمە زیرەکەکانی وەک کاتژمێر و یارییە ئەلیکترۆنییەکان کە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردیان تێدا جێگیر کراوە، لە زیاتر لە 170 وڵات و ناوچەی جیهاندا دەفرۆشرێن.
 
وانگ جون جەختی کردەوە کە گومرگی چین لە رێگەی پڕۆژەی "گومرگی ژیر"ـەوە کار دەکات بۆ باشترکردنی پرۆسەکانی رێپێدان و کۆنترۆڵکردنی وردی مەترسییەکان، ئەوەش بە ئامانجی باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و مۆدێرنەکردنی خزمەتگوزارییەکان.