سێ کۆنگرێسمانی ئەمریکا هۆشداری دەدەنە سووریا؛ "دەکرێت سزاکان بگەڕێنینەوە"
رووداو دیجیتاڵ
سێ ئەندامی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، هۆشداری دەدەنە حکومەتی نوێی سووریا لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکان و پێشێلکردنی مافی کەمینەکان. ئەوان جەخت دەکەنەوە، واشنتن بە وردی چاودێریی رەوشەکە دەکات و دەکرێت سزاکانی سەر دیمەشق دووبارە بسەپێندرێنەوە.
برایان ماست: لەگەڵ مەزڵووم عەبدی قسەم کرد
برایان ماست، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، دەرفەتی هەبووە لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە قسە بکات.
ماست گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بایەخ بە هەموو پێکهاتەکان دەدات، جا کورد بن، عەلەوی یان درووز. ئێمە دەمانەوێت سووریایەک ببینین کە دەرفەت بۆ هەموو خەڵک بڕەخسێنێت، بە پێچەوانەی ئەو بارودۆخەی لە سەردەمی بەشار ئەسەدا هەبوو."
برایان ماست، کۆنگرێسمانی ئەمریکا بۆ رووداو: دەرفەتم هەبوو لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی قسە بکەم، دەمانەوێت سووریایەک ببینین جیاواز بێت لە سەردەمی بەشار ئەسەد pic.twitter.com/Nqtovgmgze
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 14, 2026
گریگۆری میکس: وەک چۆن سزامان لاداوە، دەتوانین بیگەڕێنینەوە
گریگۆری میکس، ئەندامی باڵای لێژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوە کرد کە لادانی سزاکانی "یاسای قەیسەر" دەرفەتێک بوو بۆ حکومەتی نوێ تاوەکو وڵاتێکی گەشەسەندوو بنیات بنێن، کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.
میکس هۆشداری دا و گوتی: "من زۆر لە نزیکەوە چاودێری دەکەم تاوەکو پەیامەکەمان بگات؛ دەبێت رێز لە مافی کەمینەکان بگرن، ئەگەرنا لێکەوتەی دەبێت. وەک چۆن بە ئاسانی شتێک لادەبەیت، دەتوانیت بەو شێوەیەش بیگەڕێنیتەوە." میکس جەختی کردەوە کە کورد و کەمینەکان دەبێت بەشێک بن لە یەک وڵاتی یەکگرتوو.
تیم بێرچێت: ترەمپ گاڵتە ناکات و دووژمنی دووژمنەکەمان دۆستمانە
تیم بێرچێت، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، رەخنەی تووندی لە هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە حەلەب گرت و رایگەیاند، پێویستە سەرکردایەتیی نوێی سووریا "بەئاگا بێتەوە".
بێرچێت گوتی: "ئەم سەرۆکەی ئێستا هەمانە (ترەمپ) گاڵتە ناکات. ئەم ستەمەی بەرامبەر گەلەکەیان دەیکەن هەڵەیە. بەهێزترین شت کە هەمانە سوپایە، بەڵام دووەم بەهێزترین شت هێزی ئابووریمانە؛ ترەمپ ئەوە دەزانێت و بەکاریشی دەهێنێت." سەبارەت بە هێرش بۆ سەر کوردەکان، بێرچێت گوتی: "دووژمنی دووژمنەکەمان دۆستمانە، ئەوان (سوپای عەرەبیی سووریا) هێرشیان کردووەتە سەر دۆستەکانمان، بۆیە پێویستە رەفتاری خۆیان چاک بکەن."
تیم بەرچێت، کۆنگرێسمانی ئەمریکا بۆ رووداو: دەبێت حکومەتی سووریا بە ئاگا بێتەوە، سەرۆک ترەمپ گاڵتە ناکات pic.twitter.com/0PW5wSBm6S
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 14, 2026
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە رۆژی یەکشەممە 11-01-2026، سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی لە حەلەب راگەیاند، دوای شەڕێکی 5 رۆژی کە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.
ئەم ململانێیە دوای ئەوە هات کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو حکومەتی نوێدا، رووبەڕووی بنبەست بووەوە.