وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ هاوتا فەرەنسییەکەی: پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوا لە هاوتا فەرەنسییەکەی دەکات پاریس پاڵپشتی لە خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران بکات و دەڵێت: "ئەمە پەیامێکی روون دەبێت بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران کە بەتەنیا نین."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە تەلەفۆن تاوتوێی دۆخی نێوخۆی ئێرانیان کرد.
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "داوام لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد پاڵپشتی لە خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران بکەن، چونکە ئەو هێزە بووەتە سەرچاوەی تیرۆر و ناسەقامگیری لە ناوچەکە و دەستیان بە سەرکوتکردنێکی خوێناویی خۆپێشاندەران کردووە."
 
جەدعون ساعر بە وەزیرە فەرەنسییەکەی راگەیاندووە: "خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، نامەیەکی روون دەبێت بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران بەوەی کە ئەوان بەتەنیا نین و گوێمان لە داواکانیانە."
 
ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە، ماوەی 18 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی دوو هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون.
 
پێشتریش لە رۆژی 10ی کانوونی دووەمی 2026، رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاندبوو: "پێویستە وڵاتانی ئەورووپا کار بۆ خواستەکانی خۆپێشاندەران بکەن و سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە." مێتسۆلا جەختی کردبووەوە کە "جیهان بینەری ئازایەتیی خەڵکی ئێرانە و گوێبیستی داخوازییەکانیانە بۆ ئازادی و شکۆ."