ئەمریکا پێدانی ڤیزەی کۆچبەری بۆ 75 وڵات رادەگرێت؛ عێراق و ئێران لە لیستەکەدان
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پرۆسەی پێدانی ڤیزەی کۆچبەری بۆ هاووڵاتییانی 75 وڵات رادەگرێت. ئەمە نوێترین هەنگاوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە دژی ئەو بیانییانەی دەیانەوێت روو لە وڵاتەکە بکەن.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم بڕیارە بە مەبەستی رێگریکردنە لە چوونی ئەو کەسانەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ببنە بارگرانی دارایی لەسەر حکومەت و پشت بە هاوکارییە گشتییەکان ببەستن.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: "ئیدارەی ترەمپ کۆتایی بە خراپ بەکارهێنانی سیستمی کۆچبەریی ئەمریکا دەهێنێت لە لایەن ئەو کەسانەی دەیانەوێت سامانی گەلی ئەمریکا بۆ خۆیان بەرن."
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وڵاتانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە سۆماڵ، رووسیا و ئێران. هەروەها، عێراق، یەمەن و نایجیریاش لە ناو لیستەکەدان.
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، بڕیارەکە چەندین وڵاتی دۆستی ئەمریکاش دەگرێتەوە، لەوانە بەرازیل، میسر و تایلاند. هێشتا وەزارەتی دەرەوە لیستی تەواوی هەر 75 وڵاتەکەی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بڕیار وایە لە رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و کاتی کۆتاییهاتنەکەشی دیار نییە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر چەندین جار رایگەیاندووە دەیەوێت کۆچبەری لەو وڵاتانەی کە رەچەڵەکیان ئەورووپی نییە، کەم بکاتەوە. وەزارەتی دەرەوە رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی، زیاتر لە 100,000 ڤیزە هەڵوەشێندراونەتەوە. هەروەها وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ مانگی رابردوو ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە 605,000 کەسی دیپۆرت کردووەتەوە و 2.5 ملیۆن کەسی دیکەش بە ویستی خۆیان ئەمریکایان جێهێشتووە.
ئەم بڕیارە تەنیا ڤیزەی کۆچبەری (Immigrant Visa) دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر ڤیزەی گەشتیاری، بازرگانی و جۆرەکانی دیکە نابێت. ئەمەش ئەو هاندەرانەی وەرزش دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بۆ مۆندیالی ئەم ساڵ سەردانی ئەمریکا بکەن، هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە پشکنینی ورد بۆ رابردووی سۆشیاڵ میدیای هەموو داواکارانی ڤیزە دەکەن.