ترەمپ: گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران باشترین شتە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران "باشترین شتە کە رووبدات." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە واشنتن گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانی بەرەو ناوچەکە بەڕێکردووە و وادەیەکی کۆتایی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دیاریکردووە.
"باشترین شت بۆ ئێران" و پرسی ئەتۆمی
رۆژی هەینی 13-02-2026 و لە کاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی و دواتر لە بنکەی سەربازیی فۆرت براگ لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەڤانان سەبارەت بەوەی ئایا دەیەوێ دەسەڵاتی "ئێران بڕووخێت"، گوتی، "پێدەچێت ئەوە باشترین شت بێت کە رووبدات. 47 ساڵە ئەوان تەنیا قسە دەکەن، لەو ماوەیەشدا ئێمە خەڵکی زۆرمان لەدەستدا، دەست و قاچ و دەموچاوی خەڵکمان شێوێندرا (بەهۆی کارەکانی ئەوانەوە)."
سەبارەت بەوەی ئێران چی بکات بۆ ئەوەی لە هێرشی سەربازی دووربکەوێتەوە، ترەمپ گوتی، "ئەو رێککەوتنەمان بدەنێ کە دەبوو لە سەرەتاوە بماندەنێ. ئەگەر رێککەوتنی راستمان بدەنێ، هێرش ناکەین."
ترەمپ رایگەیاند، واشنتن هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە قبووڵ ناکات و گوتی، "ئێمە پیتاندنی سفرمان دەوێت."
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا چی ماوە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لێی بدرێت لەکاتێکدا دەگوترێت وێران کراون، ترەمپ بە تەنزەوە گوتی، "دەتوانیت بچیت ئەو تۆزەی لەوێ ماوە بیبەیت... وەک دەزانن ئەوان وێران کراون."
جووڵانی "جێراڵد فۆرد"
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە فەرمانی کردووە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیراڵد فۆرد،کە گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهانە، لە دەریای کاریبییەوە بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڕوات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کەشتیی ئەبراهام لینکنـەوە بکات. ترەمپ گوتی، "لەوانەیە پێویستمان بێت، ئەگەر نەگەیشتینە رێککەوتن."
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ترەمپ ئاشکرای کرد کە وادەیەکی دیاریکراوی لە مێشکی خۆیدا داناوە بۆ ئەوەی تاران بگاتە رێککەوتن.
ترەمپ پێشتر هۆشداری درابوو کە ئەگەر تاوەکو نێوەڕاستی ئادار رێککەوتن نەبێت، "رۆژێکی زۆر خراپ" چاوەڕێی ئێران دەکات.
ئۆپەراسیۆنی ڤەنزوێلا و گوشاری سەر ئۆکرانیا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە فۆرت براگ، ترەمپ باسی لە سەرکەوتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا کرد و رایگەیاند کە میدالیای ئازایەتی دەبەخشێتە یەکێک لە سەربازەکان بەهۆی قارەمانییەکانی لەو وڵاتە؛ هەروەها ئاشکرای کرد کە دەکرێ بەم زووانە سەردانی ڤەنزوێلا بکات.
سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد و گوتی، "دەبێت زیلینسکی هەنگاو بنێت و رێککەوتن بکات. رووسیا رێککەوتنی دەوێ، ئەگەر ئەو نەجووڵێت، دەرفەتێکی گەورە لەدەست دەدات."