جەماعەتی ئیسلامی لە بەنگلادیش دەڵێ، ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جەماعەتی ئیسلامی، گەورەترین پارتی ئیسلامیی بەنگلادیش دەڵێ، ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی وڵاتەکەی بەلاوە قبووڵە. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی ناسیۆنالیستی وڵات سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای راپەڕینە خوێناوییەکەی ساڵی 2024 لە بەنگلادیش بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش (BNP) زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بردووەتەوە.
 
شەفێقور رەحمان، سەرۆکی جەماعەتی ئیسلامی کە رۆژی هەینی رەخنەی لە پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان هەبوو و باسی لە هەبوونی "ناڕێکی و ساختەکاری" کرد، رۆژی شەممە گۆڕانکاری لە هەڵوێستیدا کرد و دانی بە شکستدا نا.
 
شەفێقور رەحمان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە هەر گەشتێکی راستەقینەی دیموکراسیدا تاقیکردنەوەی راستەقینەی سەرکردایەتی تەنیا لەوەدا نییە چۆن بانگەشە دەکەیت، بەڵکو لەوەدایە چۆن پێشوازی لە بڕیاری گەل دەکەیت. ئێمە دان بە ئەنجامەکەدا دەنێین و رێز لە سەروەریی یاسا دەگرین."
 
هاوکات محەممەد یونس، سەرۆکی حکومەتی کاتیی بەنگلادیش، پیرۆزبایی لە تارق رەحمان، سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش (BNP) کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیان هێناوە.
 
محەممەد یونسی تەمەن 85 ساڵ، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە لە دوای راپەڕینەکەی ئابی 2024ـەوە وەک "راوێژکاری باڵا" سەرکردایەتیی وڵات دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە تارق رەحمان دەتوانێت هاوکار بێت لە گەیاندنی وڵات بە سەقامگیری و گەشەپێدان.
 
پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش لەگەڵ ژمارەیەک پارتی دیکە هاوپەیمانییەکی بە هەمان ناوەوە بۆ هەڵبژاردنەکە پێکهێنابوو. پارتی جەماعەتی ئیسلامیش بە هەمان شێوە. 
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، هاوپەیمانیی BNP توانیویەتی 212 کورسی بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا هاوپەیمانییەکەی جەماعەتی ئیسلامی 77 کورسی بردووەتەوە.
 
سەرۆکی جەماعەتی ئیسلامی گوتی، پارتەکەی لە پەرلەماندا دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و گوتی، "ئێمە وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی هۆشیار، خاوەن پرەنسیپ و ئاشتیخواز کاردەکەین و چاودێریی کارەکانی حکومەت دەکەین."
 
شەفێقور رەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی کورسییەکانیان بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو زیادیکردووە، بەتایبەت لەو سەردەمەی کە شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵات، گوشاری تووندی لەسەر دروست دەکردن.
 
سەرۆکی جەماعەتی ئیسلامی گوتیشی، "بە بەدەستهێنانی 77 کورسی، ئێمە توانیومانە ئامادەییمان لە پەرلەماندا بۆ چوار هێندە زیاد بکەین و ببینە یەکێک لە بەهێزترین بلۆکەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە مێژووی هاوچەرخی بەنگلادیش. ئەمە پاشەکشە نییە، بەڵکو بنچینەیەکە بۆ داهاتوو."