سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی جەخت لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیهان بەردەوامە و لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 14-02-2026 لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونه‌وه‌کەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کران، هەردوولاش جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاڵۆزییەکان کردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەبولغەیت "ستایشی رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی هاوسەنگی و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان، هەروەها پشتگیریی کۆمکاری عەرەبیی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە."