وەزیرێکی ئەڵمانیا بۆ نێچیرڤان بارزانی: بڕیاردراوە ئەرکی سوپای ئەڵمانیا لە هەولێر درێژ بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن ئاشکرا کرد. شمید جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بڕیاریداوە ئەرکی سوپای ئەڵمانیا لە هەولێر و بەغدا درێژ بکاتەوە. پاڵپشتی وڵاتەکەشی بۆ پاراستنی کورد لە سووریا دووپاتکردەوە.
دکتۆر نیڵس شمید، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە وردی چاودێریی ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکانی عێراق دەکات، بەتایبەت پرسی گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ ناوخۆی وڵاتەکە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، نیڵس شمید پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی نوێی دیمەشق کرد و رایگەیاند، "دەبێت رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگیرێت و مافی کورد و زمانەکەیان لە دەستووری داهاتووی وڵاتەکەدا بچەسپێنرێت، چونکە سەقامگیریی سووریا بەندە بەوەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان هەست بە ئارامی بکەن."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا:
رووداو: دکتۆر نیڵس شمید، زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە. گفتوگۆکەتان لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چۆن بوو و باسی چیتان کرد؟
دکتۆر نیڵس شمید: گفتوگۆیەکی زۆر باش بوو. سەرەتا باسی بارودۆخی سیاسیی نێوخۆی عێراقمان کرد، چونکە ئێمە گرنگی دەدەین بەوەی حکومەتێکی سەقامگیر لە بەغدا پێکبهێنرێت، بەتایبەت لەژێر رۆشنایی ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییە گەورانەی کە هەن. بێگومان باسی بارودۆخی ئەمنیشمان کرد، چونکە ئەو بابەتە هێشتا هەر ماوە. ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گۆڕانکاری نوێمان هەیە لە دەسەڵاتەکاندا؛ سوپای سووریا لەوێ بەهێزتر بووەتەوە. هاوکات بەشێک لە زیندانیانی داعش گوازراونەتەوە بۆ عێراق، هەر بۆیە ئێمە لە ئەڵمانیاوە بەردەوامیی پشتیوانیمان بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق دووپات کردەوە. ئێمە ئەرکی سوپای ئەڵمانیامان لە هەولێر و بەغدا درێژکردەوە، چونکە دەمانەوێت ناوچەکە بە سەقامگیری و ئاشتی بمێنێتەوە.
رووداو: سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە بەندە بە زۆر فاکتەرەوە. ئێستا زۆر لە زیندانییانی داعش دەگوازرێنەوە بۆ عێراق؛ حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو چەند دەیەوێت چۆن هاوکار بێت لەوەی ئاسایشی عێراق بپارێزرێت؟
دکتۆر نیڵس شمید: تیشکی سەرەکی کارەکانمان لەسەر مەشق و راهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، چونکە دەزانین شارەزاییەکی زۆرمان لە مەشقپێکردن و دامەزراندنی قوتابخانە سەربازییەکاندا هەیە. ئێمە پێویستمان بە کەرتێکی ئەمنی سەقامگیر هەیە؛ دەوڵەت بەوە دەژی کە بتوانێت ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات، ئەمەش لە عێراقدا زۆر گرنگە. هاوکات دەمانەوێت بەشداربین لە سەقامگیرکردنی بارودۆخی سووریا، چونکە لە سووریاش پێویستمان بە ئاسایش هەیە بۆ هاووڵاتیان، بەبێ گوێدانە پێشینە ئایینی یان نەتەوەییەکانیان. دەبێت هەموو هاووڵاتیانی سووریا لەم دەوڵەتە نوێیەدا هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن. بێگومان پێویستمان بە سەقامگیری ئابووری سووریاش هەیە؛ دەبێت پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بەرەو پێش بچێت، پێویستی بە خانووبەرەی نوێ، گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی، چاککردنەوەی ژێرخان و کەرتی پەروەردە هەیە. زۆربەی دانیشتووانی سووریا گەنجن و ئەڵمانیا لەو بوارانەدا زۆر چالاکە.
رووداو: ئێوە لە حکومەتدا نوێنەرایەتی سۆسیال دیموکراتەکان دەکەن؛ حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو چەند دەیەوێت پارێزگاری لە کوردانی سووریا بکات و تاوەکو چەند لە پەیوەندیدان لەگەڵ حکومەتی سووریا؟
دکتۆر نیڵس شمید: بە دڵنیاییەوە ئێمە ئاماژە بە حکومەتی دیمەشق دەکەین کە دەبێت ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت، بە کوردیشەوە. هەندێک ئاماژەی سەرەتایی هەبوون بۆ ناساندنی زمانی کوردی، بەڵام گرنگە لە دەستووری داهاتوودا لێبوردەیی و مافی کەمینەکان پارێزراو بێت. سووریا وێنەیەکی بچووکراوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە؛ ئایینی جیاوازی تێدایە، وەک کریستیانەکان، هەروەها دروز، عەرەب و کورد. دەبێت هەموو ئەمانە سووریا وەک نیشتمانی خۆیان ببینن. ئەمە چاوەڕوانییەکی ڕوونی ئێمەیە لە حکومەتی سووریا.
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوون.
دکتۆر نیڵس شمید: زۆر سوپاس.