نێچیرڤان بارزانی: سوپاسگوزارم بۆ رۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەمان
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لیندزی گراهام و ئەندامانی دیکەی شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەردەبڕێ. لەبارەی کۆبوونەوەیشی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەڵێت، ئەو پرسانەیان تاوتوێکردن کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
ئەمڕۆ شەممە 14-2-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ سیناتۆر لیندزی گرام و شاندێکی یاوەری کە لە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "خۆشحاڵم بە کۆبوونەوە لەگەڵ سیناتۆر لیندزی گراهامی هاوڕێم و شاندەکەی کۆنگرێس".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "سوپاسگوزارم بۆ رۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەمان".
هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە میونشن کۆبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەنووسێت: "سوپاسی سەرۆکی کۆمیسیۆن و یەکێتیی ئەورووپام کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".