سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا جەخت لە هاریکاریی هاوبەش دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا کۆبووەوە.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە لە پەڕاوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونه‌وه‌کەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی پۆڵەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ كرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبه‌ش کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەدا كه‌ خزمەت بە گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیری دەکەن".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سیکۆرسکی "ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوا پێشهاتەکانی رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونه‌وه‌کە بوو.