نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە بەردەوامی هاوکاریی UN بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پهنابهران (UNHCR) کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە، 14-02-2026 لە پەڕاوێزی کۆنفرانسی ئاسایش لە میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی مرۆیی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی "تیشکی خستە سەر دۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، د. بەرهەم ساڵح "ستایشی رۆڵی مرۆیی و مێژوویی هەرێمی کوردستانی کرد لە داڵدەدانی بێ جیاوازیی ئاوارە و پهنابهران، هەروەها جەختی لە پابەندیی UNHCR بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی گوزەرانی پهنابهران و دابینکردنی پێداویستییەکانیان کردەوە".