وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا بۆ رووداو: جێگرەکەم بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان دێتە کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی "هاوڕێیەکی دێرینە" و بەم نزیکانە جێگرەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
 
رۆژی شەممە 14-02-2026، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، رادۆسلاڤ سیکۆرسکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی: "ئەو هاوڕێیەکی دێرینە. یەکەم جار کە یەکمان بینی، نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بوو، کاتێک کە کۆنسووڵخانەیەکی پۆڵەندام لە هەولێر کردەوە کە ئێستا بووەتە کۆنسڵخانەیەکی گشتی."
 
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتەکەی لە "پرۆسەی ئازادیی" عێراق کرد و گوتی: "ئێمە لە عێراق بووین بۆ ئەوەی لە سەدام رزگاری بکەین. دڵخۆشم کە ئەوە دەهێنرێتەوە یاد."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی نێوان هەولێر و وارشۆو، سیکۆرسکی بۆ رووداو ئاشکرای کرد: "بەم نزیکانە جێگرەکەم دەچێتە کوردستان بۆ ئەوەی هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بدات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە نێوەڕۆکی وردی گفتوگۆکانی نێوانیان، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا گوتی: "ئەوە لە پشت دەرگا داخراوەکان دەمێنێتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی پۆڵەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکەدا تاوتوێ کران.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا پێزانینی وڵاتەکەی بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕیوە و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان کردووەتەوە.
 
پەیوەندییەکانی نێوان پۆڵەندا و هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دێرینیان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، کاتێک پۆڵەندا هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە باشووری کوردستان کرد.
 
لە ساڵی 2004، حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی خۆی لە وارشۆو کردەوە و لە ساڵی 2005ـیش، مارێک بێلکا، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی پۆڵەندا سەردانی هەولێری کرد، کە ئەوە یەکێک بوو لە یەکەمین سەردانە فەرمییەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتێکی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس.
 
لە ساڵی 2012، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو و رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، کۆنسوڵخانەی پۆڵەندا لە هەولێر کرایەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا.