وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان 'ستایشی ژینگەی لێبووردەیی و پێکەوەژیان' لە هەرێمی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان کۆبووەوە و پرسی پێکەوەژیان و دۆخی پێکهاتەکانیان تاوتوێ کرد.
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 14-02-2026 لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پۆڵ ریچارد گالاگەر، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان تاوتوێ کران. نێچیرڤان بارزانی پابەندیی هەرێمی کوردستانی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان دووپات کردەوە.
 
لای خۆیەوە، گالاگەر ستایشی ژینگەی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان کرد و پشتگیریی ڤاتیکانی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشان دا، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیدا ئاماژەی پێکراوە.