شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا پشتگیری بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە. شاندەکەی کۆنگرێس پشتگیریی خۆیان بۆ عێراق و "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات نیشان دا."
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 14-02-2026 لە چوارچێوەی بەردەوامیی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی و شاندێکی یاوەری، كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ ئه‌ندامانى کۆنگرێس پێكهاتبوو، کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەشى نێوانيان خرایە بەر باس. نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و کۆنگرێس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
 
 
شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیدا هاتووە، جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکو فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە و "پشتگیریی خۆی بۆ عێراق و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات نیشان دا."
 
دۆخى سووريا و كورد له‌و وڵاته‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا نێچيرڤان بارزانى و شاندى كۆنگرێسى ئەمریکا جه‌ختيان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ ئێستا و ده‌ستوورى داهاتووى سوورياى يه‌كگرتوودا كرده‌وه‌.
 
 
دوا پێشهاتە ئەمنییەکان و مەترسییەکانی تیرۆر، تەوەرێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.