شارێکی ئەڵمانیا گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزی تێدا بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا گەورەترین و فراوانترین ئاهەنگ بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی دیاسپۆرا بەڕێوەدەچێت. بە سەتان دیاسپۆرانشینی کورد لە سەرتاسەری ئەورووپاوە دەچنە کوێلن و بەشداری لەو ئاهەنگە گەورەیەدا دەکەن.
لە ئێستاوە خەڵکێکی یەکجار زۆر یان هۆتێلیان لەو دەوروبەرە گرتووە، یانیش پەیوەندییان بە کەسوکار و ئاشنایانیان لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنەوە کردووە، بۆ ئەوەی میوانیان بن و پێکەوە بچنە ئاهەنگەکە.
هەر کورد نین کە تامەزرۆی ئەو رۆژەن، بەڵکو ژنێکی بەتەمەنی ئەڵمانییش کە ناوی کریستیانا ئیپشتاینە و بە ئوم عەبدۆ ناسراوە؛ بە زمانی ئەڵمانی دەڵێت، شەممەی هەفتەی داهاتوو وەرنە کوێلن با پێکەوە ئاهەنگی نەورۆز بگێڕین، دەشڵێت، "بژی کوردستان!"