پووتین بە جلی سەربازییەوە دەردەکەوێت و هەڕەشە لە ئۆکراینا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندە سەربازییەکانی سوپای رووسیا لە هەرێمی کورسک پێشوازییان لە سەرۆکی وڵاتەکەیان کرد. پووتین بە جلی سەربازییەوە دەرکەوت و هەڕەشەی لە ئۆکراینا کرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووە و گوتی، "ئەرکی ئێمە لە داهاتوویەکی نزیک و لە کورتترین ماوەدا شکستهێنانە بە دووژمن کە هاتوونەتە ناوچەکانی کورسک و هێشتا لەو ناوچانە ماون. تەواوەتی ناوچەکانی کورسک ئازاد دەکەین و دۆخی سنوورەکان باشتر دەکەینەوە."
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە سوپای رووسیا هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکی کورسک چڕکردوونەتەوە کە لە ئابی رابردووەوە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینا دابوون.
بە گوێرەی سوپای رووسیا، لە پێنج رۆژی رابردوودا، 24 گوندیان لەو ناوچانە کۆنترۆڵکردوونەتەوە کە رووبەرەکەیان 259 کیلۆمەتر دووجایە. سوپاکە دەڵێت، توانیویانە 86٪ـی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵبکەنەوە کە ئابی رابردوو ئۆکراینا کۆنترۆڵی کردن.
ڤالێری گیراسیمۆڤ، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا لەبارەی توانای سەربازانی ئۆکرایناوە دەڵێت، "سەربازانی ئۆکراینا چیدیکە توانای بەرگرییان نەماوە و دەستیان بە خۆڕادەستکردن کردووە. 430 سەربازیان دەستگیرکراون".
رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکرایناش چڕکردوونەتەوە. ئەمە لەکاتیکدایە هەوڵەکان بۆ ئاگربەست بەردەوامن و بەرپرسانی ئەمریکاش هەڕەشە دەکەن ئەگەر رووسیا رازینەبێت، تووشی سزا دەبێت.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ رووسیا باس لەوە دەکات، "هیچ کاممان متمانە بە رووسەکان ناکەین. پێشتر بەم دۆخەدا رۆشتووین. ئەو گوتانەی رووسەکان راست نین کە ئێمە کۆتاییهێنان بە جەنگمان نەوێت. زۆر بە جیدیمە، گرنگە بۆ من کۆتایی بە جەنگ بێت."
لە کاتێکدا گفتوگۆی ئاگربەست گەرمە، بەشێک لە شرۆڤەکاران رازیبوونی پووتین بە ئاگربەست بە ئەستەم دەبینن.
کۆنستانتین کالاچیڤ، شرۆڤەکارە و لەبارەی رازیبوونی رووسیا بە ئاگربەست ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر قورسە بۆ پووتین بانگێشتی ئاگربەست قبوڵ بکات. ئەمەش لەبەر یەک هۆکاری سادە ئەویش ئەوەیە کە ئاگربەست وادەکات دواتر بچێتە نێو گفتوگۆکانی ئاشتییەوە. ئەویش ئەمەی ناوێ، چونکە پووتین لە رووی خاکەوە ئەوەی دەستنەکەوتووە کە دەیەوێت".
رووسیا 20٪ـی خاکی ئۆکراینا دا گرتووە و دەیەوێت لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بمێنێتەوە، ئەمەش لەلایەن ئۆکرایناوە قبوڵکراو نییە.