رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کارمەندەکانی بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکاوە کەم دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 200 کارمەندی لە بارەگای سەرەکی لە جنێڤ دەردەکات. ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئیدارەی ترەمپ کارەکانی ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی (USAID)ی راگرت، کە 40%ی بودجەی رێکخراوەکەی دابین دەکرد.
رۆژی هەینی 14-03-2025 چەند سەرچاوەیەک لە بارەگای سەرەکیی IOM لە جنێڤی سویسرا رایانگەیاند، بڕیارەکە نزیکەی پێنج یەکی کارمەندەکان، واتە 20%یان دەگرێتەوە و بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکانەوە دەنێردرێنەوە ماڵەوە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 3000 کارمەندی ناردەوە ماڵەوە. ئەو 3000 کەسە لە (پرۆگرامی نیشتەجێکردنەوەی پەنابەرانی ئەمریکا) لەگەڵ 2000 کارمەندی دیکە کاریان دەکرد. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی دووەم گەڕایەوە کۆشکی سپی، بڕیاریدا ئەو پرۆگرامە بوەستێنێت.
IOM لە کۆتایی ساڵی رابردوو 22 هەزار کارمەندی نوێی وەرگرت.
یەکێک لە کارمەندەکانی بارەگای سەرەکی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەڵام هێشتا لە کارلانەدراوە، گوتی، "ناتوانم کەشەکە باس بکەم. هەفتەی رابردوو، چەند کارمەندێکی بەشی راگەیاندنی IOM نۆرەیان گرت بۆئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی 15 خولەکی پێیان بگوترێت دەرکراون. چەند کارمەندێکم بینی بە گریانەوە دەهاتنە دەرەوە."
تاوەکو ئێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بە فەرمی ئەو ژمارانەی پشتڕاست نەکردوونەتەوە.
کارمەندێکی دیکە کە بەر لێشاوی لادان کەوتووە، گوتی، "دوێنی پێنجشەممە دەیان کارمەند ئاگادارییان پێگەیشت کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە."
گوتەبێژێکی رێکخراوەکە گوتی، "بە تەواوی ئاگاداری ئەو کاریگەرییە گەورەین کە لەسەر کارمەندەکانمانە، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین."
ترەمپ دەڵێت، خەرجکردنی پارە لە هاوکارییە دەرەکییەکان "بەهەدەردانی پارەیە"، بۆیە بڕیاری دا ئاژانسەکە دابخات.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ پشتیوانیی زیاتر لە 280 ملیۆن پەناخوازی جیهان دەکات، 40٪ـی بودجەی ساڵانەی IOM پشت بە هاوکارییە دارایەکانی USAID دەبەست.