مەکسیک AI بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سێ ژن لە مەکسیکۆ سیتی چاتبۆتێکیان دروستکردووە. ئەوانەی لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە رێگەی ئینتەرنێتەوە تووشی تووندوتیژی سێکسی بوونەتەوە، دەتوانن سوودی لێوەرگرن.
مارسێلا هێرناندێز، بەڕێوبەری پرۆژەی ئۆلیمپ ئای ئەی دەڵێت، "وەکو تیمێک ماوەیەکی زۆر بوو بەدوای شتێکی لەو جۆرەبوون کە بەسترابێتەوە بە ژیریی دەستکرد و بتوانێت هاوکارمان بێت لەو وەڵامدانەوەی خواستی خەڵک. ئەمە بۆ هاوکاریکردنی قوربانییان بەکاردەهێنین".
چاتبۆتەکە لە ئەیلوولی رابردووەوە کاراکراوە و دەتوانێت لە نامە و پەیامی دەنگی بە 50 زمانی جیاواز تێبگات و رێنمایی ئەو کەسانە بکات کە رووبەڕووی تووندوتیژی سێکسی بە رێگەی دیجیتاڵی بوونەتەوە.
پرۆگرامەکە بەرەوپێشبراوە، بەوپێیەی پێشتر دەیتوانی لە یەک کاتدا رێنمایی بە 100 کەس بدات، بەڵام ئێستا ژمارەکە گەیشتووەتە هەزار و 300 کەس.
مارسێلا هێرناندێز لەبارەی پرۆژەکەوە دەڵێت، "ئەمە بۆ قوربانییان و ئەو کەسانە دروستبووە کە لە تووندوتیژی دیجیتاڵی رزگاریان بووە. ئەوە دەتواندرێت لەلایەن ژنان و پیاوانەوە بەکاربهێندرێت، بەڵام زۆرینەی بەکارهێنەرانی ژنانن".
بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە، 38٪ـی ژنان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە رووبەڕووی تووندوتیژی سێکسی بوونەتەوە. رێکخراوەکە دەشڵێت، ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاترە کە پێیان گەیشتووە.