پەرلەمانی پۆرتوگال هەڵوەشێندرایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پۆرتوگال رۆژی 18ی ئایاری ئەم ساڵی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد، ئەمە دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەستی لە کار کێشایەوە.
مارسێلۆ ریبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پۆرتوگال، رۆژی 13ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و رۆژی 18ی ئایاری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. ئەم بڕیارەی دوای ئەوەدا کە دوو رۆژ پێشتر لویز مۆنتێنیگرۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بەهۆی چەند کێشەیەکەوە دەستی لە کار کێشایەوە.
سەرۆکی پۆرتوگال لە کاتی راگەیاندنی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە گوتی، "کەس پێشبینی ئەم هەڵبژاردنانەی نەکردبوو و کەس نایەوێ بەتایبەت لەم دۆخە سەختەی نێودەوڵەتیدا". داوا لە پارتەکان دەکات لە کەمپەینی هەڵبژاردندا سەرنجیان لەسەر کێشەکانی خەڵک بەتایبەت ئابووری و تەندروستی بێت.
بە گوێرەی میدیای پۆرتوگال، دەستلەکارکێشانەوەی مۆنتێنیگرۆ دوای ئەوە بوو کە تۆمەتبار دەکرا بەوەی هاوکاریی کۆمپانیاکانی ماڵباتەکەی کردووە، گرێبەست و پرۆژەکانی حکومەت ببەنەوە.
ئەم هەڵبژاردنە سێیەم هەڵبژاردنە لە ماوەی سێ ساڵدا لە پۆرتوگال بکرێت، ساڵی 2022 و 2024 دوو هەڵبژاردنی دیکە لەو وڵاتە بەڕێوە چوون.
بەگوێرەی راپرسیی رۆژنامەی دیاریۆ دی نۆتیسیاسی پۆرتوگالی، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی سۆسیال دیموکرات کە پارتێکی لیبڕاڵە 30.8٪ی دەنگەکان دەباتەوە. هەروەها، هاوپەیمانیی دیموکراسی کە لە پارتە راستڕۆ میانڕۆکان پێکدێت 25.8٪ی دەنگەکان دەباتەوە و پارتی چێگا کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەرە 17٪ی دەنگەکان دەباتەوە.