ترەمپ دیمەنی بۆردوومانکردنی دوورگەی خارگ بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا بۆردوومانکردنی چڕی دوورگەی خارگی ئێران نیشان دەدات. 
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممە، 14ی ئاداری 2026 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ دیمەنی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر دوورگەی خارگ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی چەند ئامانجێکی سەربازیی سەرەکی لە دوورگەکەدا کردووەتە ئامانج. 
 
ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئامانجە سەربازییەکان "بە تەواوی لەنێوبراون" و هۆشداری دا کە هەنگاوی داهاتوو رەنگە لێدانی راستەوخۆی تەواوی دامەزراوە نەوتییەکان بێت کە شادەماری ئابووریی ئێرانن.
 
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەورووپاش وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردەوە کە لە رێگەی مانگی دەستکردی (کۆپەرنیکوس سانتینێل-2)ـەوە گیراون پێش ئەوەی دوورگەکە بکرێتە ئامانج، کە تێیدا قەبارەی ناوچەکە و گرنگیی ژێرخانە نەوتییەکە دەردەکەوێ.
 
دوورگەی خارگ لە باکووری کەنداو هەڵکەوتووە و یەکێکە لە ستراتیژیترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
دوورگەکە وێستگەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانە و زیاتر لە 90٪ی هەناردەی سووتەمەنیی ئەو وڵاتە لە رێگەی تێرمیناڵەکانی ئەم دوورگەیەوە ئەنجام دەدرێت. 
 
دوورگەکە لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانیش رووبەڕووی زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕ بووەوە بۆ پەکخستنی توانای ئابووریی تاران.