وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: تێچووی جەنگی ئێران 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، تێچووی جەنگی ئێران 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر باشە و ئۆپەراسیۆنی هێزی وڵاتەکەی زۆر باشتر لەوە بەڕێوەدەچێت پلانی بۆ دانراوە.
ئاسایشی تەنگەی هورمز و دڵنیایی کەشتییەکان
سکۆت بێسێنت لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، پاسەوانیکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا یان هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییەوە هەمیشە بەشێک بووە لە پلانی ئیدارەی ترەمپ. وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ژمارەیەک کەشتی بەو رێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕ دەبن و ئەمەش واتای ئەوەیە هیچ مینێکی دەریایی دانەنراوە.
بێسێنت باسی لەوە کرد، هەر کاتێک کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمان کرا و تواناکانی ئێران زیاتر لاواز کران، ئیدی پرۆسەی پاسەوانیکردنی کەشتییەکان بە فەرمی دەستپێدەکات.
بێسێنت گوتیشی: "ئێران ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریایی نەماوە و کارگەکانی مووشەکی وردوخاش کراون؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی 20 ملیار دۆلار وەک دڵنیایی (بیمە) بۆ ئەو کەشتیانە تەرخانکراوە کە لە کەنداو هاتووچۆ دەکەن.
تێچووی جەنگ و ئابووریی ئەمریکا
سەبارەت بە تێچووی دارایی جەنگەکە، سکۆت بێسێنت ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا تێچووەکە گەیشتووەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دڵنیایی دا کە ئەم بڕە پارەیە نابێتەهۆی دروستبوونی تەنگژەی دارایی بۆ ئەمریکا، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "ئێمە پارەی پاڵپشتمان هەیە و قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا خواستی زۆریان لەسەرە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکۆت بێسێنت تیشکی خستە سەر نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر هەندێک لە هاوپەیمانەکانی. بێسێنت باسی لەوە کرد کە بەریتانیا بەهۆی درەنگ رێگەدان بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی، ژیانی سەربازانی ئەمریکی خستووەتە مەترسییەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "بەهۆی کێشەی بەکارهێنانی بنکەی 'دیێگۆ گارسیا'، فڕۆکە B-2کانی ئەمریکا ناچار بوون گەشتی 37 کاژێری ئەنجام بدەن لەبری گەشتێکی 3 کاژێر و نیوی، ئەمەش سەرۆک ترەمپی زۆر توڕە کردووە، چونکە ئەو زۆر بە جیدی سەیری پاراستنی ژیانی سەربازەکان دەکات؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ لە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رازی نییە.
چارەنووسی موجتەبا خامنەیی
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە، سکۆت بێسێنت گومانی خستە سەر چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە و رایگەیاند: "ئێمە هێشتا ئەو پیاوەمان نەبینیوە؛ نازانین ئایا ئاگای لە خۆیەتی؟ ئایا بریندارە؟ یان لە نێو رژێمەکەوە هەڕەشەی لەسەرە؟"
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوان روونن، بەڵام دەکرێ زۆر شت بگۆڕدرێ و گوتی: "رووداوەکان لە پشت پەردەوە رێڕەو و ژیانێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان وەردەگرن."