دانیمارک بۆ هاووڵاتییانی: تکایە، تکایە، تکایە زۆر ئۆتۆمبێل لێمەخوڕن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی دانیمارک داوای لە هاووڵاتییەکانی کردووە دەست بە بەنزینەوە بگرن و کەمتر ئۆتۆمبێل لێبوخڕن، لە بەرئەوەی لە ئەنجامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، نرخی سووتەمەنی بەرزبووە.
لارس ئاگارد رایگەیاند، جەنگەکە دانیمارکی ناچار کردووە دەست بۆ نەوتە پاشەکەوتکراوەکەی ببات، لە کاتێکدا هیچ دیار نییە کەی جەنگەکە کۆتایی دێت.
وەزیرەکە دەڵێت: "ئەوەی کە پێویستە دانیمارکییەکان بیکەن، تکایە، تکایە، تکایە، ئەگەر لە تواناتاندا هەبوو وزە بەکار نەبەن، ئەگەر زۆر زۆر پێویست نەبوو، ئۆتۆمبێل لێمەخوڕن."
ئاگارد پێیوایە، ئەگەر دانیمارک بتوانێت لەم ماوە کەمەدا دەست بە وزەوە بگرێت، ئەوا دوو کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هاووڵاتییان و حکومەتیش دەبێت: "یەکەم، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر جزدانەکانتان دەبێت؛ دووەم، دەتوانێت یارمەتیمان بدات تاوەکو یەدەگی نەوتەکەمان زیاتر بەشمان بکەن."
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت، مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دروستکردووە.
بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە سەرووی 100 دۆلارەوە جێگیر بووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران دەستیکرد بە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو و داخستنی کردەیی تەنگەی هورمز.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکە
شارەزایانی وزە بە کەناڵی (CNBC)ی ئەمریکییان راگەیاندووە کە چەند هۆکارێک بوونەتە هۆی ئەم قەیرانە:
ئێران دامەزراوەکانی نەوت و گازی لە سعودیە، بەحرێن و ئیمارات کردووەتە ئامانج، کە گرنگترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتن لە جیهاندا.
کۆمپانیای (QatarEnergy) بەهۆی هێرشی درۆنەوە ناچار بوو هەناردەی گازی شل رابگرێت، کە ئەوەش وایکرد نرخی گاز لە ئەورووپا بە خێرایی بەرز ببێتەوە.
تەنگەی ستراتیجیی هورمز، کە رۆژانە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانەوە مەترسیدارترین شوێنە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان.
کەناڵە ئەمریکییەکە لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی بەنزین لە نێوخۆی ئەمریکا دەبێت. ئەمەش لە ساڵێکی هەڵبژاردندا (کۆتایی 2026) دەتوانێت کێشەی گەورە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروست بکات و هەڵئاوسان بەرز بکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەوڵیداوە بازاڕەکان هێور بکاتەوە لەرێگەی کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی رووسیا، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەم هەنگاوە بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دروست بووە.
بانکە گەورەکانی جیهان، وەک گۆڵدمان ساکس و جەی پی مۆرگان، هۆشداری دەدەن کە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت یان دامەزراوەیەکی گەورەی وەک ئارامکۆی سعودیە زیانی گەورەی پێ بگات، ئەوا رەنگە نرخی نەوت بگاتە 120 تاوەکو 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش ئابووریی جیهان بەرەو قەیرانێکی قووڵ دەبات.