جەی دی ڤانس: دەبێت ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆم بێت


رووداو دیجیتاڵ 
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن مەرجەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ تاران زۆر روون کردوونەتەوە و "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە" بۆ ئەوەی بڕیار بدات. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران ببرێتە دەرەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە شێوازی دانوستاندن لەگەڵ ئێران کرد و رایگەیاند: "ئێرانییەکان دانوستاندنکارێکی زۆر جیاوازن. ئەوەی من، جارێد کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف کردمان، روونکردنەوەی تەواوی شتەکان بوو. ئێمە زۆر بە روونی پێمان گوتن کە چی دەبەخشین و چیمان دەوێ."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن دیاری کرد و گوتی: "دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران ببرێتە دەرەوە، دەبێت پابەندییەکی یەکلاییکەرەوەیان هەبێت بۆ ئەوەی هەرگیز پەرە بە چەکی ئەتۆمی نەدەن." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئێرانییەکان ئامادە بن لەم خاڵەدا لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەون، ئەوا رێککەوتنەکە بۆ هەردوو وڵات زۆر باش دەبێت.
 
جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هەمو شتێک بە بڕیاری تارانەوە گرێدراوە و دەڵێت: "ئەگەر ئامادە نەبن ئەو مەرجانە قبووڵ بکەن، ئەوە بڕیاری خۆیانە. تۆپەکە زۆر بە روونی لە گۆڕەپانی ئەواندایە."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئێرانییەکان بڕیار دەدەن چی روودەدات، بەڵام وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەڵێت: "کارتەکان لە دەستی ئێمەدان."
 
ئەم لێدوانانەی ڤانس دوای ئەوە دێن کە دانوستاندنەکانی پاکستان لەنێوان شاندی ئەمریکا و ئێران بێ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی کۆتاییان هات، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەسەر ناوچەکە بۆ رێگری لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ.