ترەمپ: دەکرێ لە دوو رۆژی داهاتوودا گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەڕێوەبچێت
روداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، رەنگە لە دوو رۆژی داهاتوودا گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان واشنتن و تاران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت. ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتەکەی زیاتر مەیلی بۆ ئەوەیە دانوستاندنەکان هەر لەوێ بکرێن، نەوەک لە ئەورووپا.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) رایگەیاند: "رەنگە لە 48 کاژێری داهاتوودا گۆڕانکارییەک رووبدات".
ترەمپ سەرەتا باسی لەوە کردبوو رەنگە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 7 هەفتەیی لە ئەورووپا بێت، بەڵام دواتر گوتی: "باشترە رۆژنامەڤانان لە ئیسلامئاباد بمێننەوە، چونکە ئەگەری زۆرە هەر لەوێ دانوستاندن بکەینەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی کرد و بە "نایاب" ناوی برد. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ژەنەراڵ مونیر هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی پار ئەمریکا هاوکار بوو لە رێککەوتنی ئاشتی نێوان پاکستان و هیندستان.
ترەمپ گوتی: "ئەو کارێکی زۆر باش دەکات، بۆیە ئەگەری زۆرە بگەڕێینەوە ئەوێ. بۆچی بچین بۆ وڵاتێکی دیکە کە پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە؟"
سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران، ترەمپ نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو راپۆرتانە دەربڕی کە دەڵێن ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە بۆ 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێ و گوتی: "هەمیشە گوتوومە کە نابێت ئەوان چەکی ئەتۆمیان هەبێت، بۆیە حەزم لەو مەرجی 20 ساڵە نییە."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. وەک بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە تەنگەی هورمزی داخست. رۆژی 8ـی نیسان، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاند.
رۆژی شەممە، دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە، نزیکبوونەوە لەنێوانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی دەستبەردارنەبوونی ئێران لە پڕۆگرامی ئەتۆمی رێککەوتن نەکرا.