ترەمپ تەنگەی هورمز دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەکاردەهێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هورمز یەکێک لە بەهێزترین چەکەکانی ئێران بوو لەم جەنگەدا، بەڵام بڕیاری ترەمپ بۆ گەمارۆدانی، کاریگەرییەکەی پێچەوانە کردووەتەوە. شرۆڤەکارێک دەڵێت: "بەردەوامی گەمارۆدانی هورمز ناسەقامگیری لە نێوخۆیی ئێران دروست دەکات".
رۆژی 14ـی نیسانی 2026، نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو لە رووماڵی پێشهاتەکانی دوای جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ میوانەکانی د. هیوا مەجید، لێکۆڵینڤان و د. سەردار موسا، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باسی کاریگەرییەکانی گەمارۆدانی تەنگەی هورمزیان لەلایەن ئەمریکاوە کرد.
د. هیوا مەجید جێبەجێکردنی گەمارۆی تەنگەی هورمزی لەلایەن ئەمریکاوە بە کارتێکی گوشار دژی ئێران ناوبرد و گوتی: "داخستنی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کارتێکی کورتمەودا بوو و بۆ ئیفلیجکردنی ئابووری جیهانی بەکاری دەهێنا، بەڵام ئێستا دژی خۆی بەکاردەهێندرێتەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی لە نێوخۆیی ئێران دەبێت".
ئەو لێکۆڵینڤانە گوتی: "بەردەوامبوونی گەمارۆکە لە هورمز ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران دروست دەکات، بە تایبەت لە دەستکەوتنی بەشێک لە کاڵاکان".
لە دووەم رۆژی جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنگەی هورمزی داخست، هەرچەندە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە داوای کردنەوەیان کرد، بەڵام ئێران رەتیکردەوە.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، رۆژانە بایی نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی کاڵا لە بەندەرەکانییەوە دەکات. بە جێبەجێکردنی گەمارۆکان نزیکەی 90٪ـی ئەو بازرگانییە لە دەست دەدات.
د. هیوا مەجید لەبارەی جێگرەوەی تەنگەی هورمز بۆ ئێران گوتی: "ئێران هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە بتوانێت جێگەی تەنگەی هورمزی بۆ بگرێتەوە".