ئەگەری بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێ، هەرچەندە ئێران خوازیاری راگرتنی شەڕە، بەڵام ئاگربەست وەک دەرفەتێک بۆ "پاکتاوکردنی حساباتی خۆی" لە ناوچەکە و گوشارخستنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنێت و نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە لە حەوتەم رۆژی ئاگربەست دا چەند درۆنێک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران. شارەزایەکی کاروباری ئێرانیش دەڵێت، تاران و واشنتن بەرەو رێککەوتنێک هەنگاو دەنێن و هەردوولا نەرمییان نواندووە. 
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "ئێران هەرچەندە نایەوێ شەڕی گەورە بەرپا بکاتەوە، بەڵام ئاگربەست وەک ستراتیژێک بەکاردەهێنێت و سوود لە کات وەردەگرێ بۆ پاکتاوی حساباتی خۆی لە ناوچەکە. بۆ نموونە، هێرشکردنە سەر کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە رووی تێچووەوە خەرجییەکی کەمی بۆ ئێران هەیە و لەرووی دیبلۆماسی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەییشەوە باجەکەی لەسەر ئێران کەمە".
 
ئەو گوتانەی زریان رۆژهەڵاتی لەکاتێکدا بوون، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەو رۆژە بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ، هێرشەکان لە چەند کاتێکی جیاوازدا و لە رێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.
 
"نەرمی نوواندن"
 
هەر لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا محەممەد هەورامی، شارەزای کاروباری ئێران گوتی: چ ئێران و چ ئەمریکا نەرمییان نواندووە و لەسەر زۆر پرس لێکتێگەیشتنیان هەیە.
 
بە گوتەی محەممەد هەورامی، ئەگەری رێککەوتن لە هەموو ئەگەرەکانی دیکە زیاترە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان و ئێرانییەکانیش نەرمییان نواندووە و واشنتن مەرج و داواکارییەکانی لەسەر ئێران کەمکردووەتەوە."
 
محەممەد هەورامی گوتیشی: "ئێستا نزیکبوونەوە لە زۆر پرس لەنێوان هەردوولادا کراوە و ئەگەری رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بەهێزترین ئەگەرە."
 
"پێشبینی دەکرێ بەمنزیکانە هەردوولا لەبارەی پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراو رێکبکەون و وادەیەکیش بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی دەستنیشان بکەن،" ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی محەممەد هەورامی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، رەنگە لە دوو رۆژی داهاتوودا گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان واشنتن و تاران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت. 
 
"قەیرانی ئابووری و فاکتەری کات"
 
لەبارەی دۆخی ناوخۆیی ئێران، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو تیشکی خستە سەر زیانە داراییەکان و رایگەیاند، ئێران مانگانە 13 ملیار دۆلار داهاتی لەدەست دەچێت و تەنیا 11 رۆژی دیکە دەتوانێت نەوت کۆگا بکات، هەربۆیە "ئێران بەم جۆرە ئابوورییە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت"، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە وایکردووە تاران لە مەرجەکانی پاشەکشە بکات و بەرەو رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بچێت.