فاو هۆشداری دەدات؛ نامانەوێت کارەسات دروستبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات رێگری لە گواستنەوەی وزە و پەینی کیمیایی نەکەن و هۆشداری دەدات کە پێشتر رێگریی هاوشێوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهان دا.
 
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایگەیاند، پێویستە گواستنەوەی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە "بە زووترین کات" دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت.
 
فاو داوای لە هەموو وڵاتان کرد رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، لەوانەش بیرکردنەوەی هۆشیارانە لە سیاسەتەکانی پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی سووتەمەنیی زیندەیی و "دوورکەوتنەوە لە رێگری لەسەر هەناردەکردنی" وزە و پەینی کیمیایی.
 
دەیڤد لابۆرد، بەڕێوەبەری بەشی ئابووریی کشتوکاڵی خۆراک لە رێکخراوی فاو گوتی، "ئێمە لە قەیرانی پێداویستییەکانداین و نامانەوێت ببێتە کارەسات."
 
هۆشدارییەکەی فاو لەکاتێکدایە وڵاتان لە پێشبڕکێدان بۆ پاراستنی بەرهەمی پەینی کیمیایی بۆ جووتیارەکانیان، بەجۆرێک گەورە بەرهەمهێنەران هەناردەکردنیان سنووردار کردووە، لە کاتێکدا کڕیاران خەریکی دروستکردنی بەرنامەی پاڵپشتیی دارایی و پێدانی پارەی زیاترن بۆ کێبڕکێکردن لەسەر ئەو بەرهەمە سنووردارەی کە هەیە.
 
ماکسیمۆ تۆرێرۆ، ئابووریناسی رێکخراوی فاو دەڵێت، "خەریکە کاتمان نامێنێت" و، وڵاتە هەژارەکان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت بەهۆی گرانبوون و دەستنەکەوتنی پێداویستییەکان.
 
رێکخراوەکە داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کردووە، بیر لە دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەو وڵاتانە بکەنەوە کە مەترسیی لەدەستدانی دەستڕاگەیشتنیان بە پەینی کیمیایی لەسەرە.
 
هەرچەندە پێنوێنی نرخی خۆراکی رێکخراوی فاو لە مانگی ئاداردا جێگیر بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت گوشارەکان زیاتر بن، چونکە جووتیاران بڕیارەکانی چاندن و کشتوکاڵ لەگەڵ بەردەستبوونی پەینی کیمیاییدا دەگونجێنن.
 
بەگوێرەی داتاکانی بلومبێرگ گرین مارکێتس، نرخی یۆریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە جۆرێکە لە پەینی نایترۆجینی، لە دوای دەستپێکردنی ململانێکانەوە 70% بەرزبووەتەوە.