کەشتییە سزادراوەکانی چین بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن
رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی نیشانی دەدەن، کەشتییەکی چینی کە لەلایەن واشنتنەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەنێو تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە. ئەمە بە یەکەمین حاڵەتی تێپەڕبوونی کەشتییە سزادراوەکان دادەنرێت لەوەتەی ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر ئەو ناوچە ستراتیژییە.
کەشتیی "ریچ ستاری" کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای "شانگهای شوانرون"ی چینی دەگەڕێتەوە، توانیویەتی لە تەنگەی هورمز بپەڕێتەوە و کەنداو جێبهێڵێت.
ئەو کەشتییە و کۆمپانیاکەشی پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران خراونەتە لیستی رەشی سزاکانەوە، بەڵام بێ گوێدانە ئەو گەمارۆیانە، کەشتییەکە کە ستافێکی چینیی لەسەر بووە، گەشتەکەی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی کەشتیوانی، ئەو کەشتییە چینییە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل مادەی کیمیایی "میسانۆڵ"ی هەڵگرتووە و بارەکەی لە بەندەری حەمرییەی ئیماراتەوە بارکردووە.
تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا، بۆ رێگری لە هەر جۆرە بازرگانییەک کە سوود بە تاران بگەیێنێت، چاودێرییەکی تووندی هاتووچۆی دەریایی ئەو ناوچەیە دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەو کەشتییە، کەشتییەکی دیکەی سزادراو بە ناوی "مورلیکیشان" بە بەتاڵی بەرەو تەنگەی هورمز بەڕێوەیە. ئەم کەشتییە پێشتر بە ناوی "ئێم کەی ئەی" ناسرابوو، هەروەها نەوتی ئێران و رووسیای گواستووەتەوە، پێشبینی دەکرێت بۆ بارکردنی نەوت روو لە بەندەرەکانی عێراق بکات.
ئەم جموجۆڵانە نیشانی دەدەن کە سەرەڕای گوشارەکانی واشنتن، هێشتا کۆمپانیاکانی گواستنەوەی وزە رێگە بۆ دەربازبوون لە سزاکان دەدۆزنەوە.