سوپای ئەمریکا دوو کەسی دیکەی لە هێرش بۆ سەر بەلەمێکی "قاچاخی مادەی هۆشبەر" کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بەلەمێکی گومانلێکراو بە قاچاخی مادەی هۆشبەر لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، دوو کەسیان کوشتووە. بەمەش ژمارەی کوژراوانی ئەم هەڵمەتە پڕ لە مشتومڕەی واشنتن گەیشتە لانیکەم 170 کەس.
 
فەرماندەیی باشووری ئەمریکا (SOUTHCOM)، کە بەرپرسە لە هێزەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا، لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، ئەو بەلەمەی کراوەتە ئامانج "لە سەر رێڕۆ ناسراوەکانی قاچاخی مادەی هۆشبەر لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن بووەو سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی بووە."
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێداگری دەکات، ئەمریکا لەناو جەنگێکی رەوادایە دژی "نارکۆ-تیرۆریستەکان" (تیرۆریستانی ماددەی هۆشبەر) کە لە ئەمریکای لاتین چالاکن. هەرچەندە واشنتن دەڵێ، ئەم هێرشانە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەی پێشکێش نەکردووە، کە ئەو کەشتی و بەلەمانەی بۆردوومان دەکرێن بە راستی کەرەستەی قاچاخیان تێدا بێت.
 
ئەم هەڵمەتە سەربازییە ناڕەزایەتیی تووندی رێکخراوە مرۆییەکانی لێکەوتووەتەوە. شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئەم جۆرە بۆردوومانانە وەک "کوشتنی دەرەوەی یاسا و دادگا" دەبینرێن، چونکە سوپای ئەمریکا کەسانێک دەکاتە ئامانج کە تەنیا سڤیلن و هیچ مەترسییەکی دەستبەجێ و چەکدارییان بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست نەکردووە.