کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا بەهۆی تۆمەتی پەلاماری سێکسی دەستی لەکار کێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێریک سواڵوێڵ، ئەندامی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆنگرێس راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین تۆمەتی قورسی لەسەر "رەفتاری نەشیاوی سێکسی" ئاراستە کران.
 
سواڵوێڵ، کە هاوکات بەربژێر بوو بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "زۆر داوای لێبووردن لە خێزانەکەم، کارمەندانم و دەنگدەرانم دەکەم بۆ ئەو هەڵانەی لە رابردوودا کردوومە." سواڵوێڵ گوتیشی، بەرپرسیارێتیی هەڵەکانی دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام باسی ئەوەشی کرد، بەرەنگاری ئەو تۆمەتانە دەبێتەوە، کە بە گوتەی ئەو "ناڕاستن."
 
کێشەکانی ئەم یاسادانەرە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە خێرایی زیادیان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژنامەی سان فرانسیسکۆ کرۆنیکڵ و کەناڵی سی ئێن ئێن راپۆرتێکیان لەسەر سکاڵای 4 ژن بڵاوکردەوە. یەکێک لە سکاڵاکاران، کە پێشتر کارمەندی نووسینگەی سواڵوێڵ بووە، تۆمەتباری کردووە بەوەی کە دوو جار "پەلاماری سێکسی" داوە، لە کاتێکدا ئەو ژنە بەهۆی سەرخۆشییەوە لە دۆخێکدا نەبووە بتوانێت رەزامەندی بدات.
 
سواڵوێڵ پێش ئەوەی دەست لە ئەندامێتیی کۆنگرێس بکێشێتەوە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بۆ پۆستی حاکمی کالیفۆرنیا هەڵپەساردبوو.
 
ئەم دەستلەکارکێشانەوە کتوپڕە شۆکێکی گەورەی لە ناو پارتی دیموکرات دروست کردووە، بەتایبەتی لە کاتێکدا واشنتن سەرقاڵی چەندین دۆسیەی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە.