سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای لافارج بەهۆی پارەدان بە داعش سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگایەکی فەرەنسا بڕیاریدا کۆمپانیای چیمەنتۆی لافارج بە پێبژاردنی زیاتر لە 1.3 ملیۆن دۆلار سزا بدات، سەرۆکی پپێشووی کۆمپانیاکەشی بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادا؛ ئەوەش بە تۆمەتی پێدانی "سەرانە" بە رێکخراوی داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە کاتی جەنگی سووریادا کارگەکەی بەردەوام بێت.
 
ئەم بڕیارە دەبێتە درێژکراوەی ئەو دۆسیەیەی ساڵی 2022 لە ئەمریکا، کە تێیدا کۆمپانیا فەرەنسییەکە دانی بەوەدا نابوو پاڵپشتیی دارایی پێشکێش بە "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" کردووە و رازی بوو 778 ملیۆن دۆلار پێبژاردن بدات. ئەمەش یەکەمجار بوو کۆمپانیایەک رووبەڕووی تۆمەتی لەو شێوەیە ببێتەوە.
 
دادگای پاریس بۆی دەرکەوت، لافارج (کە ئێستا بەشێکە لە کۆمپانیای هۆلسیمی سویسری) لە ساڵانی 2013 و 2014دا لە رێگەی لقی سووریایەوە، نزیکەی 5.6 ملیۆن یۆرۆ (6.5 ملیۆن دۆلار)ی داوەتە گرووپە جیهادییەکان و نێوەندگیرەکان، تەنیا بۆ ئەوەی کارگەکەی لە گوندی چەلەبییەی سەر بە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان لە کارکردن نەوەستێت.
 
دادگا بڕیاریدا کە دەبێت لافارج زۆرترین بڕی ئەو پێبژاردنە بدات کە داواکاری گشتی داوای کردبوو، واتە 1.125 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها برۆنۆ لافۆنت، سەرۆکی پێشووی کۆمپانیاکە بە شەش ساڵ زیندانی بە تۆمەتی "پارەدارکردنی تیرۆر" سزادرا و دادوەر فەرمانیدا دەستبەجێ بیبەنە زیندان، هەرچەندە پارێزەرەکەی رایگەیاند کە تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
 
ئێزابێل پرێڤۆست-دێسپرێز، دادوەری سەرەکیی دادگاییکردنەکە گوتی، "ئەم شێوازەی پارەدارکردنەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەتایبەتی داعش، زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە بتوانێت کۆنترۆڵی سەرچاوە سرووشتییەکانی سووریا بکات و کارە تیرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچەکە و ئەورووپا پارەدار بکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکە "هاوبەشییەکی بازرگانیی راستەقینە"ی لەگەڵ داعش دروستکردووە.
 
پاشخانی کارگەکە لە سووریا
 
کۆمپانیای لافارج لە ساڵی 2010دا دروستکردنی کارگەیەکی بە تێچووی 680 ملیۆن دۆلار لە ناوچەی چەلەبییە لە رۆژئاوای کوردستان تەواو کرد، رێک پێش ئەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستپێبکات.
 
لە کاتێکدا ساڵی 2012 زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکان سووریایان جێهێشت، لافارج تەنیا کارمەندە بیانییەکانی گواستەوە و کارمەندە سووریاییەکانی تاوەکو ئەیلوولی 2014 هێشتەوە، کاتێک چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر کارگەکەدا گرت.
 
کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا پارەی دەدا بۆ ئەوەی دەستی بە کەرەستەی خاو بگات و رێگە بە بارهەڵگر و کارمەندەکانی بدرێت بە سەلامەتی هاتووچۆ بکەن. پارەی دەدایە داعش و بەرەی نوسرە، پێش ئەوەی ناوی بگۆڕێت بۆ دەستەی تەحریری شامی ئێستا. 
 
"تەنیا یەک ئامانج: قازانج"
 
تۆمەتبارەکان پێکهاتبوون لە خودی کۆمپانیاکە، پێنج ئەندامی پێشووی تیمی ئۆپەراسیۆن و ئاسایش و دوو نێوەندگیری سووری. دادگا هەر هەشتیانی بە پارەدارکردنی "تیرۆر" تاوانبار کرد و سزای 18 مانگ تاوەکو 7 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاندن.
 
فیراس تەلاس، کارمەندی پێشوو کە سووریاییە و پارەکەی دەگەیاندە گرووپەکان، بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە 7 ساڵ زیندانی سزادرا. کریستیان هێرۆ، جێگری پێشووی بەڕێوەبەری گشتی بە 5 ساڵ زیندانی سزادرا، کە پێشتر بەرگری لە خۆی کردبوو و گوتبووی مانەوەی کارگەکە "لە خەمی کارمەندە ناوخۆییەکان" بووە.
 
بەڵام داواکاری گشتیی فەرەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی، لافۆنتی تەمەن 69 ساڵ "رێنمایی روونی دابوو" بۆ هێشتنەوەی کارگەکە و ئەم بڕیارەشی بە "شۆکهێنەر" ناوبرد. گوتیشی لافارج تەنیا لە پێناو "یەک ئامانج: قازانج" پارەی دەدا.
 
لەلایەکی دیکەوە، دۆسیەیەکی دیکەی جیاواز سەبارەت بە تۆمەتی "هاوبەشیکردن لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی" هێشتا بەردەوامە. کۆمپانیای هۆلسیم کە لە ساڵی 2015دا لافارجی کڕی، دەڵێت هیچ زانیارییەکی لەسەر مامەڵەکانی سووریا نەبووە.